فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوا دەکات خەڵک بۆ پاڵپشتیی شاسوار عەبدولواحید بچنە دادگە

27-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، داوا لە خەڵک دەکات کە بۆ پاڵپشتیی شاسوار عەبدولواحید، لە کاتی دادگاییکردنیدا، بچنە بەردەم دادگە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-08-2025، کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سبەی کاژێر 09:00، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە دەبرێتە بەردەم دادوەر لە سلێمانی و دادگایی دەکرێت.
 
کوردەوان جەمال داوای لە خەڵک کرد، کاتی دادگاییکردنەکەی، وەک پاڵپشتییەک بۆ شاسوار عەبدولواحید بچنە بەردەم دادگەی سلێمانی و گردببنەوە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ''دەستگیرکردنی کاک شاسوار خەم و مووچەی خەڵکی لەبیر ئێمە نەبردووەتەوە، لە هەمانکاتدا جەنابیان لە زیندانەوە هەر فەرمانێک بکات، ئێمە پابەند دەبین پێیەوە.''
 
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا، 21ـی ئاب برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا.
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
 
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیر کراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.