هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئاشتیی تەنیا بە گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و ئیمراڵی بەدی نایەت

27-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئاشتیی تەنیا بە گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و ئیمراڵی بەدی نایەت. بە خەباتی هاوبەشی ژنانیش دەکرێت. دەشڵێت، قەرزاری ئەو دایکانەین کە دەڵێن با چەکەکان بنێژین نەک منداڵەکانمان.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی چالاکییەکی لەژێر ناونیشانی "دیدارەکانی ژنان بۆ ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی" لە ناوچەی بێیئۆغڵو-ـی ئیستەنبوڵ بەڕێوەبرد. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی، دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی کرد.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، سەرەتا ئاماژەی بە قسەکانی دایکی ئەرەن بولبول، (گەنجێکی 15 ساڵان کە لە ناوەڕاستی پێکدادانەکانی نێوان جەندرمە و گەریلاکانی پەکەکە لە ترابزۆن گیانی لەدەستدا)، کرد کە گوتبووی: "ناتوانم رێگە بدەم دایکانێکی دیکە منداڵەکانیان لەدەست بدەن. چی بکەم ئەگەر بەرگری لە ئاشتی نەکەم؟" 
 
تولای گوتی: "قەرزاری ئەو دایکانەین کە دەڵێن با چەکەکان بنێژین نەک منداڵەکانمان. بێگومان هەمووان دەتوانن باسی ئاشتیی بکەن. بێگومان هەمووان لەبارەی ئەم پڕۆسەیەوە قسە دەکەن، بەڵام لەم پڕۆسەیەدا بەنرخترین پەیامی ئاشتی، ئەو پەیامەیە کە لەلایەن ئێوەی دایکان و ژنانی بەڕێزەوە دەدرێت کە دڵتان زۆرترین ئازاری چەشتووە." 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بە لیژنەی پەرلەمانی تورکیا کرد کە بۆ مەبەستی پرۆسەی چارەسەریی دامەزراوە و گوتی: "ئەم لیژنەیە نابێت تەنیا گفتوگۆ بکات، بەڵکو دەبێت چارەسەر دروست بکات. ئەم لیژنەیە دەبێت پەرە بە دیموکراسیی بدات و بەشداری لە دروستکردنی ژمارەیەک یاسا بکات کە بتوانێت دەرفەت بە تورکیا بدات."تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "ئاشتیی تەنیا بە گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و ئیمراڵی بەدی نایەت" و ئەم خاڵانەی خستەڕوو: "بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی وەڵامێکی بەهێز بدۆزێتەوە، دەبێ زیاتر خەبات بکەین، خۆمان زیاتر رێکبخەین. باوەڕمان بە خەباتی هاوبەشی ئێوەی ژنان و دایکانی بەڕێز و هەموو ژنانی تورکیا و ناوچەکە هەیە. خەباتی هاوبەشی بزووتنەوەی ژنانی کورد و ژنانی تورکیا، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی دەگەیێنینە شوێنێکی زۆر بەهێزتر. ئەو کاتە گەڕانمان بۆ ماف و دادپەروەری بە مانای راستەقینەی خۆی وەڵام دەدۆزێتەوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لیژنەکە بە پەلە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبێتەوە و گوتی: "خستنەڕووی مافی ئومێدی بەڕێز ئۆجەلان، دروستکردنی ئەو مەرجانەی کە بتوانێت بە ئازادی بژی، بە ئازادی کار بکات، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبێتەوە، هەنگاوێک دەبێت کە گونجاو بێت لەگەڵ رۆحی ئەم قۆناخە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.