مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: نابێت مووچەکانی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان بفەوتێن

27-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن باسی هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی کێشەی مووچەیان کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کردووە، کێشەی مووچە بە یەکجاریی چارەسەر بکرێت و "نابێت مووچەکانی ئەم ساڵیش بفەوتێن."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشتووە، هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە "دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد، کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە."

وەکو لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق "سوپاسی کردین بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە گرنگە، ئێمەش دەستخۆشیمان لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە رێککەوتنەکە."

مەسرور بارزانی دەڵێت، هەردوولا "هیوامان خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە رێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوای کردووە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، "بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت، بۆئەوەی چیدی خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن. هەروەها گوتمان نابێت مووچەکانی ئەم ساڵیش بفەوتێن."

مەسرور بارزانی و سوودانی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەرفەتی ئابووریی گرنگ لەئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسرەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان،" ئەمەش بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، وەکو ئاماژەی پێکراوە، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی رێگەی گەشەپێدان کراوە، "کە بۆ ئەو مەبەستە بەمزووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.