رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گرنگە نەوتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە نێردرایەوە بازاڕەکانی نەوتی جیهان.
ئەمڕۆ شەممە 27-9-2025 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە کەرکووک راگەیاند: "یەکێک لە باشییەکانی ئەم رێککەوتنەی ئێستا ئەوەیە کە جارێکی دیکە نەوتی هەرێمی کوردستان چووەوە ناوەندەکانی بازاڕی جیهانی تایبەت بە نەوت و بووە بەشێک لە هاوکێشەی نەوتی جیهانی".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، رێککەوتنەکە بەرهەمی "دەیان کۆبوونەوە و دانیشتن و دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەموو ئەو رێککەوتنەی کە کراوە زۆر بە وردی نووسراوەتەوە. بابەتی دەرهێنانی نەوت، هەناردەکردنی و بەبازاڕکردنی، هەموو ئەو پرۆسانە هەوڵێکی یەکجار زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا زۆر نەرمی نواند. سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ نەوتەکە هەناردەکرا. بە داخەوە، لە ماوەی رابردوودا ستەمێکی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا. ئەم پرۆسەیە گرێدرابوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دراوە و "دوای ئەوەش مووچەی مانگی 8" دەنێردرێ.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هیوای خواست ئەم رێککەوتنە وابکات ئیدی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زوو مووچە وەربگرن و گوتیشی: "رێککەوتنەکان پابەندبوونی لایەنەکانە. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیویستایە لە سەرەتاوە پابەندییەکانی جێبەجێ نەکات، رێککەوتنەکەی نەدەکرد. کەواتە پابەندییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی، بە رەچاوکردنی ئەوەی لە لایەن سۆمۆوە نەوتەکە دەفرۆشرێ و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی. بۆیە پابەندی حکومەتی فیدراڵییە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات".
رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنەوە دەستیپێکرد.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ئاداری ساڵى 2023ـوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ