رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کەرکووکیی رەسەنن و لە شارەکانی دیکە دەژین، کاتی سەرژمێری بگەڕێنەوە پارێزگاکە، دەشڵێت، ''بە گەڕانەوەیان خاوەنماڵبوونی خۆیان دەسەلمێنن.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-10-2024، حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد رایگەیاند: ''سەرژمێری لە کەرکووک بە سێ قۆناخ دەکرێت، قۆناخی یەکەم لە 16بۆ 19ـی تشرینی دووەم، کە تێیدا ئەوانەی لە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێداندا بەشدار نەبوون، دەتوانن لەو ماوەیەدا لە ماڵی خۆیان یان کەسوکاریان بمێننەوە، کارمەندانی سەرژمێری سەردانیان دەکەن و ناویان تۆمار دەکرێت''.
حەسەن مەجید گوتی، ئەوانەی خەڵکی کەرکووکن و لە شارەکانی دیکە و هەرێمی کوردستان دەژین، ئەگەر پێشتریش لە پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیدا بەشدار نەبووبن، دەتوانن لەو ماوەیەدا ( 16ـی مانگی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 19) ئەوانیش لە کەرکووک ناویان تۆمار بکەن.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، قۆناخی دووەمی سەرژمێری لە پارێزگاکە 20ـی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، ''ئەو چەند رۆژە زیاتر بۆ دڵنیابوونەوەیە؛ ئەو ماڵانەی کە لە 16بۆ 19ـی تشرینی دووەم سەرژمێری کراون، جارێکی دیکە پێیاندا دەچنەوە کە ئاخۆ تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20، هیچ کەسێک لەدایک بووە یان گیانی لەدەستداوە.'' گوتیشی، قۆناخی سێیەم کە لە 27ـی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و تاوەکو 20ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، ''ئەو پرسیارانەی ئاراستەی ئەندامانی خێزان دەکرێت، وردەکاریی زۆریان تێدایە، بەڵام بەگوێرەی تەمەن و رەگەز دەگۆڕدرێن''.
حەسەن مەجید داوا دەکات ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی کەرکووکن و بە هەر هۆکارێک لە دەرەوەی سنووری پارێزگاکە دەژین، بگەڕێنەوە و لە سەرژمێرییەکەدا بەشدار بن، ''چونکە بە گەڕانەوەیان خاوەنماڵبوونی خۆیان دەسەلمێنن و کۆمەڵێک بابەتیش (وەکو کارتی بەشەخۆراک) کە تایبەتن بە کەرکووک، دەیانگرێتەوە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، کاتی وەڵامدانەی پرسیارەکانی سەرژمێری، پێویستە ئەو خێزانانەی لە ماڵێکدا ناویان تۆمار کردووە، رێکەوتی هاتنیان بۆ ماڵەکە نزیک بێت لە یەکدی، ''چونکە ئەگەر کەسێک بڵێت کەمتر لە ساڵێکە هاتوومەتە کەرکووک، بە میوان هەژمار دەکرێت.''
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات، کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکە.
لە ساڵی 2009ـەوە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لێی.
عێراق بڕیاریدابوو ههر 10 ساڵ جارێك سهرژمێری بکات. لە ساڵانی 1927، 1934، 1947،1957، 1965، 1977، 1987، 1997 سەرژمێری کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دوایین سەرژمێرییەکەدا نەبوو و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ