ئەو کچە کوردەی لەنێو لیستی 100 کاریگەرترین ئافرەتانی جیهانە قسە بۆ رووداو دەکات

27-11-2023
تەنیا ئەحمەد
باسیمە عەبدولڕەحمان لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو
باسیمە عەبدولڕەحمان لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باسیمە کچە کوردێکە و ناوی لە لیستی 100 ژنی کاریگەر و ئیلهامبەخشی جیهانە کە لەلایەن (بی بی سی)یە بۆ ساڵی 2023 هەڵبژێردراوە. ئەو کۆمپانیایەکی ژینگەیی هەیە و بە رووداوی رایگەیاند، "دۆخی کەشوهەوای کوردستان جێگەی دڵخۆشی نییە. پێشبینیی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوو لە عێراق، 300 رۆژ لە ساڵێکدا خۆڵ ببارێت.
 
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، باسیمە عەبدولڕەحمان لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو میوان بوو و گوتی، "لە رێگەی (بی بی سی)یەوە پەیوەندیم پێوەکرا و داوایان کرد هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ بکەن. پرۆسەکە چەند مانگێکی خایاند، تێیدا من و چەند ئافرەتێکی دیکە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرا؛ پرسیارەکان لەبارەی دەستکەوت، کار و چالاکییەکانمان بوو."
 
تۆڕی جیهانیی (بی بی سی) ناوی 100 ژنی وەکو ژنانی کاریگەر و ئیلهامبەخشی جیهان لە ساڵی 2023 بڵاوکردەوە. لە لیستەکەدا 28 کەسایەتیی ژنی کاریگەری جیهانی تێدایە کە لە بواری ژینگە و گۆڕانکاریی کەشوهەوا کار دەکەن. یەک لەو کەسانە "باسیمە عەبدولڕەحمان"ـە.
 
باسیمە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای 'کەسک'ـە کە یەکەم کۆمپانیای تەکنەلۆژیای سەوزە لە عێراق و باشووری کوردستان و کار لەسەر پەرەپێدانی بیناسازیی گونجاو لەگەڵ ژینگە دەکات، لە ساڵی 2018 دامەزراوە.
 
لە بارەی کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکەی بە رووداوی گوت، "بیرۆکەی کۆمپانیاکەم بریتییە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی راوێژکاریی بیناسازیی سەوز و سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر."
 
لە وەڵامی پرسێکدا کە کارەکانیان لە کوێ دەکرێن؟ گوتی، "کۆمپانیاکەم دوو نووسینگەی هەیە؛ یەکێک لە هەولێر و یەکێکی دیکە لە بەغدا، ئێمە لە هەموو عێراق کاردەکەین، لە دهۆک تا بەسرە. لانیکەم لە هەموو پارێزگایەکی عێراق پرۆژەیەکمان کردووە و خەڵک لە هەموو عێراق داوای خزمەتگوزارییەکانمان دەکەن."
 
بەگوێرەی باسیمە، دۆخی کەشوهەوای کوردستان جێگەی دڵخۆشیی نییە، "هەموو هاوینێک دەبینین کە پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە. جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پلەی گەرمیی پار لەگەڵ 10 ساڵ لەمەوبەر هەیە. ئاستی ئاو بەردەوام کەمدەبێتەوە، وشکەساڵی هەیە و هەموو ئەوانە کاریگەریی لەسەر کەشوهەوا دروستدەکەن."
 
باسیمە لە بارەی وشکەساڵیی عێراق هۆشداریی دا، "پێشبینیی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوو، بەهۆی وشەکساڵییەوە، 300 رۆژ لە ساڵێکدا خۆڵ ببارێت. ئەمەش کاریگەریی دەخاتە سەر رێژە و ناوچەی سەوزایی لە عێراق. هەروەها، شارەزایان پێشبینیی دەکەن لە ماوەی 40 ساڵی داهاتوو دوو رووبارە گەورەکەی عێراق بە تەواوی وشكبن."
 
باسیمە عەبدولڕەحمان ساڵی 1986 لە بەغدا لەدایکبووە. دایک و باوکی کوردن. باسیمە و خێزانەکەی لە ساڵی 2006ـەوە لە باشووری کوردستان دەژین. ساڵی 2011 بۆ خوێندن چووەتە ئەمریکا و لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی خوێندوویەتی. دوای تەواوکردنی خوێندن، ساڵی 2015 گەڕاوەتەوە.
 
ئەنجوومەنی بیناسازیی سەوزی ئەمریکا ساڵی 2016، باسیمە عەبدولڕەحمانی وەکو کەسێکی پیشەیی متمانەپێکراو ناساند. 
 
باسیمە عەبدولڕەحمان، لە نێوان ساڵەکانی 2019 تاوەکو 2022 ئەندامی دەستەی رێکخستنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بووە و دوای شەڕی داعش هاوکاری نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقی کردووە. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان، باسیمە عەبدولڕەحمان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، شانازی بەوە دەکات ناوی لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.