کوردستان
دابەشکارێکی نەوت لە پارێزگای هەولێر چووەتە سەر بەرمیلەکان و نەوت بەسەر ماڵان دابەش دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 125 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 620 هەزار خێزاندا دابەشکردووە. لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشکردنەکە بەردەوامە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە دەڵێت، "زۆرینەی خەڵکی سنوورەکەیان نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام دابەشکردنیان راگرتووە چونکە بەشێکی خەڵک وەریناگرن و دەڵێن نرخەکەی گرانە".
ئەمڕۆ دووشەممە 27-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 125 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 620 هەزار خێزاندا لە سەرجەم ناوچەکان دابەشکردووە.
ئەمڕۆ لە نێو شاری سلێمانی لە سنووری مەڵبەندی یەک گەڕەکەکانی ئازادی، شەهیدانی ئازادی، گۆیژە و بەکرەجۆ نەوت وەردەگرن. سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شاری سلێمانی و دەوروبەری دابەشکردنی نەوت بەردەوامە.
سەلام عومەر گوتی، "بۆ دابەشکردنی نەوت، سلێمانی کراوە بە 10 مەڵبەند، ساڵی رابردوو تاوەکو مەڵبەندی شەش نەوتیان وەرگرتووە و ئەمساڵ مەڵبەندەکانی دیکە نەوتیان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەمساڵ نەوتیان وەرنەگرتووە، لەو چوارچێوەیەشدا مەڵەبەندی یەک نەوتیان پێدراوە و سبەی دابەشکردنی نەوت لە مەڵبەندی دوو دەستپێدەکات".
لە دهۆک دابەشکردنی نەوت بەردەوامە؛ ئەمڕۆ دووشەممە، موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە زیاتر لە 150 هەزار و 800 خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
موحسین تەها گوتیشی، "لە سەنتەری دهۆک و قەزا و ناحیەکەی سنووری پارێزگاکە دابەشکردنی نەوت بەردەوامە".
هەروەها ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنج ملیۆن لیتر نەوتمان دابەشکردووە و زۆربەی خەڵکی سنووری پارێزگای هەڵەبجە نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام سێ رۆژە دابەشکردنمان وەستاندووە".
لەبارەی هۆکاری راگرتنی دابەشکردنەکەوە ژیار ئەکرەم گوتی، "بەشێکی خەڵک رەتیدەکەنەوە نەوت وەربگرن و دەڵێن نرخەکەی زۆر گرانە، ئێمەش ناچاربووین دابەشکردن رابگرین".
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە 21ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستیپێکردووە.
04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە 150 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هاونیشتمانیان دابینکراوە؛ هەموو خێزانێک بەرمیلێک وەربگرێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 265 ملیۆن لیترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ