رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لە سلێمانی و هەموو ناوچەکانی بایکۆت، مامۆستایان بە رێژەیەکی زۆر رژانە سەر جادە و بەردەم پەروەردەکان، گوتیان بایکۆت ناوەستێنن تا ئەو کاتەی موچە راستەڕێ دەبێتەوە و داواکاریی چەند ساڵەیان بە یەکجاریی جێبەجێ دەکرێت.
لەنێو باران و سەرمادا مامۆستا و وانەبێژ بۆ وەڵامی دەستکردنەوە بە دەوام، دیسان گوتیان ناچنەوە، پەروەردەی سلێمانی داوای لێکردوون لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە ناو پۆلەکان، ناوی نەهاتووەکانیش دەنوسرێت.
نەزیرە محەممەد، مامۆستایە لە سلێمانی، بە دەستێکی لافیتە و دەستەکەی تری چەتری گرتووە، بە رووداوی گووت، "ئەوە ئێمە نین بەرپرسین لە چارەنووسی خوێندکارەکان، حیزبەکانی دەسەڵات بەرپرسن لە ئاییندەی قوتابیەکان".
هەندێک لە مامۆستاکان ئەوانەن دوێنێ چووبوونە بەغدا، دەڵێن لە دادگەی فیدراڵیش سکاڵایان کردووە، داوای موچەی پاشەکەوت و ئێستایان کردووە، پێشیان گوتوون، مووچەکەیان بۆ بخەنە سەر بەغدا.
پاکیزە حەمەئەمین، فەرمانبەرە و بە رووداوی گووت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مووچە لە دەستی ئێمەدا نییە و لای بەغدایە، ئێمەش لەبەرئەوە روومان کردە بەغدا".
75 رۆژە مامۆستایانی سلێمانی لە خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوامن، هاوینیان کۆتایی پێهێنا و وا پاییزیش بە زستان دەسپێرن، بەڵام هەر کۆڵنادەن.
دوای رێگریی لێ کردنیان لە بازگەکانی کەرکوک و دیالە بۆ گەیشتن بە بەغدا، مامۆستایان هاتنەوە مەیدانەکانی رۆژانی رابردوویان بۆ رەتکردنەوەی شکاندنی بایکۆت و داواکردنی مووچە و مافەکانیان.
خەبات لەتیف، فەرمانبەری زانکۆی سلێمانییە و یەکێکە لەو کەسانەی کە چوبووە بەغدا، بە رووداوی گوت، "چووینە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵای یاساییمان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد، لەبەر پاشەکەوتکردنی مووچەکانمان و بەرزنەکردنەوەی پلە وەزیفییەکانمان، هەروەها بەڵگەی زۆریشمان پێدان لەسەر ئەو ستەمانەی لێمانکراوە و داواشمان کردووە مووچەکانمان بگەڕێتەوە سەر بەغدا".
مامۆستایان لەژێر باران رێیان کرد و تا بەرزترین دەسەڵاتی پەروەردەیی سلێمانی چوون و داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە.
شۆخان محەممەد، مامۆستایە لە سلێمانی و گوتی، "هاتووینەتە سەر شەقام و بەردەم پەروەردەی گشتیی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان، دەمانەوێت مووچەکانمان بچێتە سەر بەغدا تا وەکو مامۆستاکانی عێراق مافمان هەبێت و مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرین".
هەرچەندە بەرپرسانی هەر 13 پەروەردەکە داوایان لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کردبوو لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە بچنەوە قوتابخانەکان، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بە هەمووی 13 قوتابخانە داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکردووە.
مامۆستا دارا عەبدول، مامۆستایە لە هەڵەبجە و بە رووداوی گوت، "رۆژی 13-9-2023 بۆ دەستپێکردنی بایکۆت چی بووە، ئێستاش هەمان شتە".
نەجوە فەتحوڵا، مامۆستایە لە گەرمیان، ئەو دەڵێت، "10 ساڵە مامۆستای وانەبێژم، هەموو ساڵێک سێ بۆ چوار مووچەمان دەفەوتێت".
وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵنامەی خوێندن لەکۆی 83 رۆژ کەمتر لە 20 رۆژی ماوە، ئەمە لەکاتێکدا لە سنووری سلێمانی، لە زۆرینەی قوتابخانەکان هیچ دەوام نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ