قایمقامی دهۆک: موەلیدەکان کارەبای پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان دابین دەکەن

27-11-2025
پەیمان محەممەد
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد.
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی دهۆک دەڵێت، موەلیدە ئەهلییەکان لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای پێویست بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دابین دەکەن، ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا کاژێری دابینکردنی کارەبا لەلایەن موەلیدەکانەوە هەژمار دەکات و کۆتایی مانگ پارەکەیان پێدەدرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''هێرشێکی تیرۆریستییە و سەرکۆنەی دەکەین.''
 
بریندار حەیدەر ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە بووەتە هۆی کەمکردنی بەرچاوی بڕی کارەبای پڕۆژەی رووناکی کە 24 کاژێر کارەبای بۆ هاوبەشان دابین دەکرد.
 
بەگوتەی قایمقامی دهۆک، زیاتر لە حەوت مانگ بوو کارەبای قەزاکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا 24 کاژێری بوو، ''بۆیە ژمارەیەکی زۆری موەلیدەکان کوژێندراونەتەوە و دووبارە کارکردنیان زەحمەت دەبێ.''
 
وەک بریندار حەیدەر دەڵێت، بەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە زیاتر لە کاژێرێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆک و کۆمەڵەی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لە کۆبوونەوەدا بوون، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی کەمیی کارەبای قەزاکە بدۆزنەوە.
 
قایمقامی دهۆک ئاماژەی بە بڕیارەکانی نێو کۆبوونەوەکە کرد و گوتی، ''دەبێ لە سەرجەم پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون موەلیدەکان کار بکەن. هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی دەبڕێت، پێویستە ئەوان کارەبا دابین بکەن.''
 
بریندار حەیدەر سەبارەت بە پارەی ئەو کارەبایەی موەلیدە ئەهلییەکان دابینی دەکەن ئاماژەی دا، ''لەلایەن کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆک کاژێرەکان هەژمار دەکرێن و کۆتایی مانگ، پارەی ئەو کاژێرانە دەدرێتە موەلیدەکان کە دابینیان کردووە.''
 
هەرچی موەلیدەی گەڕەکەکانن قایمقامی دهۆک دەڵێت، ''ئەوانەی گرێبەستی فەرمییان هەیە دەبێ کار بکەن. داوا لە موەلیدەکانی دیکەش دەکەین (ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت نییە) ئامادە بن کارەبا بدەنە هاوبەشان.''
 
هەر ئەمڕۆ کەمال محەممەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئێستا توانای دابینکردنی شەش تاوەکو هەشت کاژێر کارەبای نیشتمانییان بۆ هاوبەشان هەیە و بڕی کارەبا بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 700 تاوەکو سێ هەزار مێگاوات دابەزیوە.
 
بریندار حەیدەر باسی لەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، کەمتر لە 72 کاژێری دیکە دۆخی کارەبا لە قەزای دهۆک و بەگشتی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.
 
شەوی رابردوو (چوارشەممە، 26-11-2025) هێرشێک کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.