رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەفربارین بەردەوام بێت و سبەی پلەکانی گەرما نزیکەی دوو پلە بەرزدەبنەوە.
کەشناسێکێش دەڵێت، بەرەبەیانی هەینی شەپۆلی سەرما و خێرایی با لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی شوبات، ئاسمانی زۆرینەی هەرێمی کوردستان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر و بارانێکی کەم و لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
خێرایی با ئەمڕۆ مامناوەند دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. کەشناسی دەڵێت، پلە گەرما نزیک دەبێتەوە لە پلەی تۆمارکراوی دوێنێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە دەڵێت، پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە و ئاسمان پەڵەهەور و ساماڵ دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەفربارین لە سلێمانی کۆتایی هاتووە، بەڵام لە پێنجوێن و ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت".
ئاراس جەبار گوتی، سبەی پێنجشەممە کاریگەریی شەپۆلی سەرما لەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێت، بەڵام لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە بە تەواوی کاریگەریی رەشەبا و سەرما لە تەواوی ناوچەکان نامێنێت.
لەبارەی پلەی گەرمایشەوە ئەو کەشناسە گوتی، رۆژی هەینی بەراورد بە ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 5 پلەی سیلیزی و لە هەولێر و دهۆکیش نزیکەی سێ پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 9 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 9 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 17 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 11 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 1- پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 18
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ