کوردستان
خاوەن دووکانێک لە لەنگەی هەولێر بە خەمبارییەوە لەنێو دووکانە سووتاوەکەیدا دانیشتووە. وێنە: جێگر عومەر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
تیمێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەوەی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێر دەکات. بەرپرسێکی کارگێڕی دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی ورد لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و دەنگۆی دزیکردن لە دووکانەکان دەکەن.
دوێنێ نزیک کاژێر 07:15ـی ئێوارە، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و سەتان دووکان سووتان. ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی شوبات، بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکان لە بازاڕی لەنگەن و لێکۆڵینەوە لە زیانەکان دەکەن".
دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە و پۆلێنکردنی زیانەکان، بڕیارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قەبارەی زیانەکان بخرێنەڕوو.
بازاڕی لەنگەی هەولێر نزیکەی 2400 دووکانە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 800 دووکان سووتاون.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لە کاتی رووداوەکەدا دزی لە دووکانەکان کراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکردووە و هەر کەسێک دزی کردبێت، رووبەڕووی دادگە و سزای یاسایی دەکەنەوە.
بازاڕی لەنگە لە نزیک شەقامی 100 مەتری هەولێرە و شوێنێکی ستراتیژی لەنێو شارەکەدا هەیە؛ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018شدا ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەتان دووکان سووتان.
هۆکاری ئاگرەکەی دوێنێ بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان دەڵێن شۆرتی کارەبا بووە.
رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری مادیی بە هاونیشتمانیان و کاسبکارانی بازاڕەکە گەیاندووە.
دوای رووداوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی روودانی ئاگرەکە بکەن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران ئامادەیی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان دەربڕی و دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد "هەرچی پێویست بێت لەوبارەیەوە ئەنجامی بدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ