رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێت، ئەو وێنەیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە تازە لەگەڵ بانگەوازەکەی بڵاوکراوەتەوە، لە ڤیدیۆیەک وەرگیراوە کە تێیدا ئۆجەلان بانگەوازەکەی دەخوێنێتەوە.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، چاندار بە رووداوی راگەیاند، ساتی خوێندنەوەی بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە لایەن ئۆجەلانەوە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە و دەکرێت لە نەورۆزی ئەم ساڵ بڵاوبکرێتەوە.
چاندار گوتی: "قسە هەیە، نازانم راست دەردەچێت یان نا، بەڵام دەگوترێت ئەو گوتارەی لە ماوەی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بڵاودەکرێتەوە، واتە سێ هەفتەی دیکە، ئەگەر شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن، رەنگە ڤیدیۆکە ببینین."
پەرلەمانتارە تورکەکەی دەم پارتی کە دۆستێکی دێرینی کوردە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت پەکەکە گوێڕایەڵی بانگەوازەکە بێت کە رۆژی پێنجشەممە لە لایەن شاندی ئمیراڵییەوە لە ئیستەنبووڵ خوێنرایەوە.
چاندار ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەگەر پەکەکە ئەمە قبووڵ نەکات، بە واتەی ئەوە دێت کە ئەوان تەنیا دژی تورکیا شەڕ ناکەن، بەڵکو دژی ئۆجەلانیش شەڕ دەکەن،" هۆشداریشیدا کە ئەو کاتە دەکرێت بزووتنەوە چەکدارییە کوردستانییەکە "هەموو رەوایەتییەک" لەدەستبدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "لە دۆخی ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە، هەروەها ئەو ویستە کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم."
ئۆجەلانی تەمەن 75 ساڵ کە لە ساڵی 1999 لە نەیرووبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە دورگەی ئیمراڵی لە زیندانی تاکە کەسیدایە، داوا دەکات: "وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخەکان دەیکەین، کە نەتوانراوە بە هێز کۆتایی بە هەبوونیان بهێندرێت، لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
پەیامەکە لە لایەن میدیاکانی پەکەکەشەوە بە بایەخەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام سەرکردە سەربازییەکانی بزووتنەوەکە لە قەندیل تاوەکو ئێستا هەڵوێستی خۆیان رانەگەیاندووە.
دەقی پرسیار و وەڵامی هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو و جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی:
رووداو: بۆچی تەنیا وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانمان بینی، نەوەک ڤیدیۆ؟
جەنگیز چاندار: ئۆجەلان لەو وێنەیەدا قسە دەکات. ڤیدیۆیەک هەیە کە ئەو تێیدا بانگەوازەکەی دەخوێنێتەوە.
رووداو: ئەو ڤیدیۆیەت بینی کە ئۆجەلان قسە دەکات؟
جەنگیز چاندار: زانیومە کە خۆی لە ڤیدیۆیەکدا قسەی کردووە، بانگەوازەکەی دەخوێنێتەوە. وێنەکە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە.
رووداو: واتە ئەو وێنەیە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە؟
جەنگیز چاندار: بەڵێ، وێنەکە لە ڤیدیۆ وەرگیراوە. ئێستاش قسە هەیە، نازانم راست دەردەچێت یان نا، بەڵام دەگوترێت ئەو گوتارەی لە کاتی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بڵاودەکرێتەوە، واتە سێ هەفتەی دیکە. ئەگەر شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن، رەنگە ڤیدیۆکە ببینین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ