رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە رووی تەکنیکییەوە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆمۆر ئاسایی بکرێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەست پێ بکاتەوە، وەزارەتی کارەبا لە کەمتر لە 24 کاژێردا بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەکاتەوە."
ئێوارەی رۆژی هەینی، 26ـی نیسان بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ئەوکات رایگەیاند، چوار کارمەند لە ئەنجامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون.
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون کارمەندی کۆمپانیای پێترۆ وێڵ بوون و خەڵکی یەمەن بوون. کارمەندە بیانییەکان خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو کۆگەیانە بوون کە لە ماوەی پێشوودا بەهۆی بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "بە هەوڵ و رێنمایی و پاڵپشتیی وەزیری کارەبا توانرا لەکاتی هێرشە درۆنییەکە سیستمی کارەبا لە کوژانەوەی گشتی بپارێزرێت و، وێستگە و محاویلەکانی کارەبا لە سووتان و تێکچوون بپارێزرێن.
هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و بە تووندی سەرکۆنە کرا.
ئەمە دووەم هێرش بوو بۆ سەر کێڵگەکە لە ساڵی 2024ـدا.
پێشتر، نزیک کاژێر 10:45ـی شەوی 25-01-2024 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆیەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕی گرت.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ