رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا پێکدەهێنرێت و 9 ئەندامی دەبێت، کە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان دەکات نەک تەنیا پەیەدە و ئەنەکەسە.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاشکرای کرد، کە شاندی کوردی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق لە چەند رۆژی داهاتوودا پێکدێت و گوتی، "هاوشێوەی کە بەڵگەنامەکەمان ئامادەکرد، بە هەمان شێوە بە گفتوگۆ ئێمە و پەیەدە و پارتە سیاسییەکان و کاک مەزڵووم عەبدی دەتوانین شاندێک پێکبێنین، کە بتوانێت نوێنەرایەتیی گەل بکات لەم گفتوگۆیانەدا، کە شاندەکە لە 9 ئەندام پێکدێت و نوێنەری لایەنەکانی دیکە جگە لە پەیەدە و ئەنەکەسەی تێدا دەبێت."
رۆژی 26/4/2025 کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەرێوەچوو، تێیدا بەڵگەنامەیەکی 26 خاڵی لە لایەن 400 ئەندامی کۆنفرانسەکەوە پەسەندکرا، لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەکە لە حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئامادەبوون.
سلێمان ئۆسۆ دەڵێت، "بەشێوەیەکی گشتی پرسی ئەم دانوستانانە پرسی نوێنەرایەتیکردن نییە، بە قەد ئەوەی کە ئێمە بتوانین هەندێ کەس بنێرین و ئەو کەسانە بتوانین بەرگری لەو بەڵگەنامەیە بکەن، ئەمە پرسی سەرەکییە، کە گفتوگۆکان دەستیانپێکرد راوێژکاری تایبەتیش دەبن و پەیوەندی بە کەسانی پسپۆرەوە دەکەین."
لەبارەی کاتی پێکهێنانی شاندەکەوە ئۆسۆ گوتی، هیچ کاتێک دیارینەکراوە، بەڵام زۆر ناخایێنێت و بەهۆی هەستیاری دۆخەکەوە لە نزیکترین کاتدا پێکدەهێنرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا گوتاری سەرۆک بارزانی لەلایەن حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی خوێندرایەوە، تێیدا سەرۆک بارزانی دووپاتی لە سەر "یەکڕیزیی کورد" کردەوە و گوتی، "ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ پرسی کورد، کە بەشداریی راستەقینەی کورد لەو وڵاتە مسۆگەر بکات."
سلێمان ئۆسۆ نامەی سەرۆک بارزانی وەکو گەرەنتییەک بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە و جێبەجێکردنی بەڵگەنامەی، کە لە کۆنفرانسەکەدا پەسەند کرا دەزانێت و بەرووداوی گوت، "ئێمە هەردوولایەن پابەندین بەم بەڵگەنامەیەوە، کاک مەزڵووم عەبدی گەرەنتی دا کە ئەوەی رێککەوتوون لەسەری جێبەجێدەکرێت و هیچ لایەنێک پاشگەز نابێت، گەرەنتییەکی دیکە ئامادەبوونی نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی بوو، لە هەموو کارەکانمان سەرۆک بارزانییەوە پشتگیری لە ئێمە کردووە و گەورەترین پشتگیریش نامەکەی بوو بۆ کۆنگرەکە و جەنابی سەرۆک سوورە لەسەر یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە هەروەها گوتی، "جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە سەر ئیرادەی ئەو لایەنانە دەمێنێتەوە کە واژۆیان کردووە، پێشتر رێککەوتنەکە لە نێوان دوو لایەن بوو، پەیەدە و پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بەڵام یەکێک لە لایەنە ئەرێنییەکان ئەمڕۆ بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی ئێمە و نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییەکان بەشدارن و جێبەجێنەکردنی لەلایەن هەر لایەنێکەوە زۆر بە گرانی لەسەری دەوەستێت، لە لایەکی دیکەوە زۆر فاکتەری دیکەی ئەرێنی هەن، کە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە ئێران لە سووریا نەماوە، حزبوڵڵا نەماوە، هاوکێشەی سیاسی لە سووریا گۆڕاوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ