رووداو دیجیتاڵ
پێنجشەممە جەژنی کرێکارانە و لە هەرێمی کوردستان پشووە. سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، بە گوێرەی یاسا دەبێت پێنجشەممە هەموو کرێکارەکان پشوویان پێ بدرێت.
بە گوێرەی ئاماری لقەکانی سەندیکای کرێکاران لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەشت کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان لە سلێمانی، سێ لە دهۆک و مردنی یەک کرێکاریش لە هەولێر تۆمارکراوە. لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک گیانی لەدەست نەداوە.
پێنجشەممە 01ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە و لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو رۆژەدا جگە لە سێکتەرە پێویست و ناچارییەکان، نابێت کرێکاران کاربکەن".
چالاک رەئووف ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر کرێکار ناچار بکرێت لە یەکی ئایار دا کار بکات، بە گوێرەی یاسا دەبێت شوێن کارەکەی ئەو رۆژەی بە دوو رۆژ بۆ هەژمار بکات و کرێی دوو رۆژی پێبدات، بەڵام بەداخەوە کەس پێیەوە پابەند نابێت."
ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی 2025
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاماژەی بە مردنی کرێکاران لەم ساڵدا کرد و گوتی: "لە سنوورەکەمان چوار کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کرێکار بریندار بوون".
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکارانەوە چالاک رەئووف گوتی: "خاوەن کار و پڕۆژەکان پابەندی یاسا و رێوشوێنەکانی سەلامەتی کرێکار نابن و دەبنە هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکاران".
هەر ئەمڕۆ حەسەن رەمەزان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی لای ئێمە تۆمار کرابێت، ئەم ساڵ لە سنوورەکەمان یەک کرێکار لەکاتی کاردا گیانی لەدەستداوە".
لەبارەی دهۆکیشەوە، وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ سێ کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و کرێکارێکیش بریندار بووە".
هەر ئەمڕۆ کارزان محەممەد، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رووداوێکی نەخوازراومان نەبووە، نە مردن و نە برینداربوونی کرێکار لەکاتی کاردا".
گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی 2024
بە گوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 62 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، 25 کرێکاریش بریندار بوون.
بە گوێرەی ئامارەکەی پار، مردنی کرێکاران بە گوێرەی ناوچەکان بەمشێوەیە بووە:
هەولێر: 9 کرێکار گیانیان لەدەستداوە؛ 7 کرێکاریان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و ئەوی دیکەشیان بیانی بووە.
سلێمانی: 26 کرێکار گیانیان لەدەستداوە؛ 17 کرێکاریان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و 9 کرێکاریشیان بیانی بوون.
گەرمیان: 12 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
دهۆک: 5 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
هەڵەبجە: 1 کرێکار گیانی لەدەستداوە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.
سۆران: 4 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
زاخۆ: 4 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
راپەڕین: 1 کرێکار گیانی لەدەستداوە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.
هەر بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئاماری مردنی کرێکاران لە ساڵانی رابردوو بەمشێوەیە بووە:
- ساڵی 2023؛ 53 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ