باڵیۆزی ژاپۆن: پانتایی کاریگەریی رووداو عێراق و دەرەوەشی گرتووەتەوە

28-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
  ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق.
ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، ستایشی ئەو "پێشکەوتنە بەرچاوە"ـی کرد، کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی ژینگەیەکی میدیایی فرەچەشن و زیندوودا بەدەستیان هێناوە. هاوکات، رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی لە رووماڵکردنی کاروباری ژاپۆن و بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی بەرز نرخاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-05-2025، 12ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداوە. 
 
ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە روانگەی ژاپۆنەوە، ئێمە دان بەو پێشکەوتنە بەرچاوەدا دەنێین و ستایشی دەکەین کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی ژینگەیەکی میدیایی فرەچەشن و زیندوودا بەدەستیان هێناوە." ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کۆمەڵێکی فراوان لە دەنگ و بۆچوونی جیاواز بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە گفتوگۆی گشتیدا دەکەن و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی گفتوگۆی هۆشیارانە."
 
باڵیۆزی ژاپۆن دانی بەوەدا نا، کە ئاستەنگەکان هێشتا ماون، بەڵام دڵخۆشیی خۆی بە "گفتوگۆ بەردەوامەکان دەربارەی ئازادی رۆژنامەگەری" و هەوڵەکانی هەردوو لایەنی میدیایی و حکومی بۆ پەرەپێدانی ژینگەیەکی کراوەتر و سەلامەتتر دەربڕی. گوتیشی: "ژاپۆن شانازی دەکات بە پشتیوانیکردنی ئەم پێشکەوتنە ئەرێنییانە و چاوەڕوانی هاوئاهەنگی بەردەوامین لەم بوارە گرنگەدا."
 
سەبارەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، باڵیۆز ئیندۆ رایگەیاند: "تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین دامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، کە پانتایی کاریگەرییەکەی عێراق و دەرەوەشی گرتووەتەوە." باسی لەوەشکرد کە رووداو "ناوبانگێکی بەهێزی بەدەستهێناوە بەهۆی رووماڵە گشتگیرەکەی، ستانداردە پیشەییەکانی و توانای سەرنجڕاکێشانی جەماوەرێکی فراوان و هەمەچەشن."
 
باڵیۆزەکە سوپاسی رووداوی کرد بۆ رووماڵکردنی دەستپێشخەرییەکانی ژاپۆن و گوتی: "ئێمە رووماڵی بەردەوام و وردبینانەی رووداو بۆ دەستپێشخەرییەکانی ژاپۆن لە عێراق و هەرێمی کوردستان و رووماڵکردنی ئەزموونی ژاپۆن بەرز دەنرخێنین. راپۆرتەکانیان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پێشاندانی بەشدارییەکانی ژاپۆن لە گەشەپێدان و یارمەتییە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا."
 
وەک نموونەیەکی بەرچاو، ئیندۆ ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەکەی کرد بۆ سەردانی شاندێکی رووداو بۆ ژاپۆن لە سەرەتای مانگی ئاداری 2023 بەمەبەستی بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکیومێنتاری دەربارەی ئەزموونی ژاپۆن لەگەڵ بوومەلەرزە. ئەم سەردانە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرە هات کە لە مانگی شوباتدا تورکیا و سووریای هەژاند و کاریگەریشی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو.
 
باڵیۆز ئیندۆ گوتی: "ئێمە پێزانینمان هەبوو بۆ هەوڵەکانی رووداو بۆ تیشک خستنە سەر سیستمەکانی ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی کارەساتەکان لە ژاپۆن، کە تێڕوانینی بەنرخ پێشکێش بە بینەرانی ناوچەکە دەکات."
 
باڵیۆزی ژاپۆن جەختی لەوەش کردەوە کە "پابەندبوونی بەردەوام بە ئیتیکی رۆژنامەوانی، بێلایەنی و راپۆرتی هاوسەنگ بنچینەییە بۆ هەموو دامەزراوە میدیاییەکان بەڕێزەکان،" و گوتیشی: "دەزگاکانی راگەیاندن وەک رووداو رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پەرەپێدانی شەفافیەت، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و گفتوگۆی گشتیی هۆشیارانە، ئێمەش وەکو هاوبەشێکی گرنگ لەم ئامانجانە هاوبەشانەدا بەهایان پێدەدەین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.