رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی نەغەدە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بازاڕی ئەمینی شارەکە سنووردار دەکات و دەڵێت، هەر چەشنە کۆکردنەوەی هاوکارییەک لە دەرەوەی ئەو کەمپەینەی لەژێر چاودێری پێشنوێژ و گوتارخوێنی هەینی شارەکە پێکبێت، نایاساییە.
رووحوڵڵا سادقیان، داواکاری گشتیی نەغەدە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 28-6-2023) بڵاوکرایەوە، دەڵێت، تاکە ناوەندی رێگەپێدراو بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی خەڵک بۆ زیانلێکەوتووانی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی ئەمین و هیدایەتی ئەو شارە، ئەو ئەژمارە بانکییەیە کە لەلایەن ناوەندی خێرخوازیی نیکان و لەژێر چاودێریی پێشنوێژ و گوتارخوێنی هەینی شارەکە و بە بەشداری پیاوماقووڵانی شارەکە راگەیێندراوە.
داواکاری گشتیی نەغەدە دەڵێت، بەدواداچوونی یاسایی بۆ هەر چەشنە خراپ بەکارهێنانێکی بابەتی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی شارەکە دەکەن و رێگە نادەن هەرکەسێک ویستی، دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری بکات.
لەو کەمپەینەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن تمەن کۆکراوەتەوە.
شەوی یەکشەممە 25-06-2023 بازاڕچەی ئەمین و بەشێک لە بازاڕچەی هیدایەت لە نێوشاری نەغەدە بە هۆی کێشەی کارەباوە ئاگریان گرت. بە گوتەی دووکاندارانی ئەو بازاڕچانە کە دوای رووداوەکە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، زیاتر لە 100 دووکان بە تەواوی سووتاون و زیاتر لە 100 ملیار تمەن (2 ملیۆن دۆلار) زیانیان پێگەیشتووە. تاوەکو ئێستا دامودەزگا حکومییەکان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هیچیان رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ