قەزاکانی سۆران و زاخۆ دەکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ

28-07-2021
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی خستەڕوو و رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ".
 
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو دەڤەرە لە رووی جوگرافییەوە بەرفراوانن، بۆیە بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ کارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە پێشکەش دەکات لە رێگەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە پەلەو راستەوخۆ."
 
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەست بوو بە رێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکان، بەگوتەی گوتەبێژی حکومەت، "هەریەک لە بەڕێز سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت جەختیان لەسەر هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، بە ئاراستەیەک کە لە خزمەتی زیادکردنی داهاتی گشتی بێت بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمە کاری هەرە لە پێشینەی حکومەتە."
 
لەبارەی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەت وەڵامی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، "ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە لە گفتوگۆکان لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینارەکە و هیوادارین ناردنی ئەو بڕە پارە بەردەوام بێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، "حکومەت حیزب نییە بۆ ئەوەی پڕوپاگەندە بۆ خۆی بکات.. بۆیە هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە."
 
بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە و جووتیار عادل رایگەیاند، "وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی تێر و تەسەلی لەسەر دۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و رێژەی تووشبووان [خستەڕوو]، کە بەڕاستی لە ئاستێکی مەترسیدایە."
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، تاوتوێی پرۆژەی هەڵگرتن و فرۆشتنی چەک کراوە و "لەلایەن وەزیری ناوخۆ ئەو بابەتە خرایە بەرباس و سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دیاردەیە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، پێویستە هەڵگرتنی چەک و کڕین و فرۆشتنی چەک بەپێی یاسا و مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆ بێت. پێویستیشە ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت، بۆیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو پرۆژەیە دیسان دەخرێتەوە بەر باس و گفتوگۆکردن و تەواوکردنی و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە