رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سووتانی ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزا لە زاخۆ بەهۆی لکاندنی بۆمبەوە بووە، کارێکی "تیرۆیستی بووە و ئەوانەی پێی هەستاون لەلایەن پەکەکەوە نێردراون."
ئەمڕۆ هەینی 28ی تەممووزی 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی 23ی تەممووز لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە شاری زاخۆ، عەمید محەممەد میرزا، ئەفسەری ماندوونەناس لە رێگەی بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بە ئامانج گیرا و بەداخەوە شەهید بوو."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای لێکۆڵینەوەکان، بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە لەسەر ئەو کەس و گرووپە تیرۆریستییەی هەستاون بەم کردەوە تیرۆریستییە، کە لەلایەن پەکەکەوە نێردراون."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تۆمەتباران بەرەبەیانی 23ی تەممووز لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی هۆندا تۆکسۆنی ژمارە ساختەوە لە رێگەیەکی لاوەکییەوە هاتوونەتە نێو شاری زاخۆ و چاودێریی ماڵی عەمید محەممەد میرزایان کردووە و لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیان بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەبەستن و کاژێر 07:49ی ئێوارەی هەمان رۆژ لە رێگەی ریمۆت کۆنترۆڵەوە لە شەقامێکی گشتی لە زاخۆ بۆمبەکە دەتەقێننەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "زانیاریی تەواومان هەبووە کە لە ماوەی رابردوودا سەرکردایەتیی پەکەکە پیلانیان بۆ بەئامانجگرتنی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزە سەربازییەکانی دیکە داڕشتبوو، بە مەبەستی ئەنجامدانی پیلانە نەگریسەکان چەندین مەفرەزی خۆیان راسپاردبوون و راهێنانیان لەسەر دروستکردن و دانانی بۆمب پێکردوون و هەوڵی دەربازبوونیان بۆ نێو هەرێمی کوردستان داوە."
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەدا ڤیدیۆیەکیش بڵاوکراوەتەوە و ئەوە پیشاندەدات کەسێک بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکی پیکابەوە دەبەستێت کە ئۆتۆمبێلی عەقید محەممەد بووە. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بکەرانی کردەوەکە لە هەرشوێنێک بن باجەکەی دەدەن و لەوبارەیەشەوە رێوشوێنی گونجاویان گرتووەتە بەر.
شەوی 23ـی تەمموز، ئۆتۆمبێلێک لە شەقامێکی زاخۆ گڕیگرت. رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ