کارەبای گەرمیان: خواست لەسەر کارەبا دوو هێندەی بەرهەمە

28-07-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە وەرزی گەرمادا لە سنوورەکەیان خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 250 مێگاوات، لە کاتێکدا تەنیا 120 مێگاواتیان بۆ دابین دەکرێت، ئەمەش وایکردووە رۆژانە زیاتر لە 12 کاژێر کارەبا نەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات ساڵانی رابردوو نزیکەی 20 مێگاوات کارەبایان بە قەرز وەردەگرت بەڵام ئەم ساڵ پێیان نەدراوە. دەشڵێت، "کەمی غاز بەرهەمی وێستگەی کارەبای حەسیرەی بۆ زیاتر لە نیوە کەمکردووەتەوە."
 
حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، باسی لە قووڵبوونەوەی گرفتی کارەبای لە وەرزی هاویندا کرد و گوتی، "بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و گەرمیی ناوچەکەمانەوە، خواست لەسەر کارەبا لە هاویندا بۆ 250 مێگاوات بەرز دەبێتەوە، بەڵام پشکی دیاریکراوی ئێمە تەنیا 110 بۆ 120 مێگاواتە، واتە کورت هێنانمان لە نیوە زیاترە."
 
بە گوتەی حازم کەریم، بەهۆی ئەم کێشەیەوە ناچاربوون کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەم بکەنەوە، "پێش شەپۆلی گەرما رۆژانە 13 کاژێر کارەبامان دەدا، بەڵام ئێستا بۆ 11 بۆ 12 کاژێر کەمبووەتەوە. تەنیا گوندەکان و ئەو شوێنانەی موەلیدەیان نییە، بەپێی خشتەیەکی تایبەت 13 کاژێریان پێدەدرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان گوتیشی، "ساڵانی رابردوو 15 بۆ 20 مێگاوات کارەبامان وەک قەرز لەناوچە کوێستانییەکان وەردەگرت و ئێمە زستانان بۆمان دەگەڕاندنەوە، بەڵام ئەم ساڵ ئەو بڕەمان پێنەدرا. هاوکات، وێستگەی غازی کارەبای حەسیرە کە توانای بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتی هەیە، بەهۆی کەمیی غازەوە تەنیا 50 بۆ 60 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت و نزیکەی 40% تواناکەی کاردەکات."
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی سێکتەری کارەبا لە سنوورەکەیان، بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان باسی لە چەند پرۆژەیەکی گرنگ کرد و رایگەیاند، "ساڵی رابردوو وێستگەی 132 کەیڤیی کەلار تەواو کرا و سوودێکی زۆری هەبووە. ئێستاش سەرقاڵی دانانی وێستگەی مۆبایلی باوەنوورین و پرۆژەی گەیاندنی تۆڕی کارەبا بە 24 گوندیش لە جێبەجیکردندایە و 72%ی تەواو بووە."
 
لە بەرامبەردا، نەبوونی نەختینە بووەتە رێگر لەبەردەم چەند پرۆژەیەکی دیکە. حازم کەریم گوتی، "9 پرۆژەمان لە کفری و پرۆژەیەکی دیکەشمان لە ناحیەی نەوجول بەهۆی نەبوونی پارەوە گرفتیان بۆ دروست بووە."
 
لەبارەی دەستپیکردنی پرۆژەی رووناکی لە سنووری گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سنوورەکە دەڵێت، بەگوێرەی پلانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا تاوەکو کۆتایی 2026، هەموو هەرێمی کوردستان کارەبایان دەبێتە 24 کاژێری و لە گەرمیانیش ساڵی داهاتوو دەست بە پرۆژەکە دەکرێت.
 
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 85 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن و تاوەکو ئێستا 86%یان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.
 
لەبارەی سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەکو وزەی جێگرەوە، ئەندازیار حازم کەریم ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو روویان کردووەتە بەکارهێنانی سۆلار پاوەر و وزەی خۆر، بەتایبەت لە گوندەکان و شوێنە بازرگانییەکان، "ئێمەش زیاتر لە 700 دۆنم زەویمان بۆ پرۆژەی وەبەرهێنانی وزەی خۆر دابینکردووە، بەڵام هێشتا لە قۆناخی رێکاری کارگێڕیدایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.