قوباد تاڵەبانی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نزیکبوونەوەی باش لەگەڵ بەغدا هەیە

28-08-2025
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بەراورد بە رابردوو، زۆر نزیکترین لە کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا هەموو وڵاتان کورد بە دەرفەتێک بۆ ئاشتی دەزانن، نەوەک هەڕەشە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-08-2025، بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی حیزبی و حکومی لە چوار پارچەی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، کۆنفرانسی هاوپەیمانانیی سۆسیال دیموکرات لە وڵاتانی عەرەبی، لە شاری سلێمانی دەستپێکرد.
 
لە پانێڵێکدا هەر یەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەریمی کوردستان، ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆمەڵێک مژاری گرنگی نێودەوڵەتی و ناوچەییان خستەڕوو.
 
''کورد دەرفەتە نەوەک هەڕەشە''
 
قوباد تاڵەبانی لە بەشێک لە پانێڵەکەدا باسی پرسی کوردی کرد و رایگەیاند، ''لە رابردوو بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی هەموو کات دۆسیەی کورد وەکو هەڕەشەیەک بینراوە، بەڵام ئێستا بەخۆشییەوە وڵاتانی عەرەبی، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە کورد هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ کەسێک، بەڵکو بەپێچەوانەوە، کورد دەرفەتێکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و رۆیشتن بەرەو دیموکراسی''.
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی دۆخی رابردووی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان گوتی، ''پێشتر کورد لە سووریا هەر ماف و ناسنامەشی نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بەشێکی سەرەکین و دەبێ بەشێکی سەرەکیی دیکەیش بن لە بنیاتنانی وڵاتێک کە سووریایەکی دیموکراتییە.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی کوردانی باکووری کوردستان کرد و گوتی: ''دوای چەندین دەیە شەڕ و ناخۆشی لە تورکیا، ئەمڕۆ دەبینین کورد رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پڕۆسەی ئاشتی و هەموومان بە هەموو حیزب و بۆچوونە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پشتیوانیی ئەو پڕۆسەیە ئاشتییە دەکەین کە لە تورکیا بەڕێوەدەچێت.''
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد. قوباد تاڵەبانی گوتی: ''هیوادارین ئەمە ببێتە کۆتاییەکی ریشەیی بۆ ئەو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەی کە پێشتر هەبووە.''
 
''بەراورد بە رابردوو نزیکبوونەوەی باش لەگەڵ بەغدا هەیە''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ئەزموونی دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ''ئێمە بە ناخۆشترین مێژوودا تێپەڕبووین، بە ئەنفالکردنی نزیکەی 200 هەزار کەس، وێرانکردنی چوار هەزار گوند، کیمیابارنکردنی چەندین شار و شارۆچکە.''
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای رزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003، کورد دووبارە رۆڵێکی سەرەکی بینییوە لە بنیاتنانەوەی ''عێراقێکی دیموکراتی و فیدراڵ'' و لە رێگەی یاسا و دەستوورەوە مافەکانی چەسپێنراون.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی، ''شەڕ نەبوو کە لە ئەنجامدا مافەکانی ئێمەی دەستەبەر کرد، بەڵکو لە رێگەی دەستوور و شەڕێکی سیاسی و یاسایی بوو کە مافی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتیدا چەسپێندرا.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، دوای پەسندکردنی دەستووری عێراق و تێپەڕاندنی یاساکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مافی کورد بە تەواوی وەرنەگیراوە، ''بەڵکو هێشتا ماویەتی، راستە چوارچێوەکە هەیە، بەڵام هێشتا کاری ماوە، بۆیە خەباتە سیاسی-یاساییەکە بەردەوامە.''
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن، ''ئەمەش بە گەڕاندنەوە بۆ دەقی دەستوور.''
 
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هەوڵەکان دا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان دوو حکومەتەکە و گوتی، ''ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، زۆر نزیکترین لە کۆتاییهێنان بەو کێشانەی کە لەنێوان حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەن.''
 
لەکاتێکدا لە کۆتاییەکانی مانگی ئابداین، هێشتا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ''پرسی کورد تەنیا دابینکردنی مووچە نییە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەڵکو ئەمە مافێکی دەستووری و ئیدارییە و بەداخەوە دوای ئەو هەموو ساڵەی بەسەر رزگاربوونی عێراقدا تێپدەپەڕێت، هێشتا پرسی مووچە چارەسەر نەکراوە و هەموومان دەبێت [مانگانە] چاوەڕێ بکەین بزانین ئایا مووچە دەنێردرێت یان نا.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای گرنگیدان بە پرسی مووچە جەختی لەوە کردەوە، ''نابێ پرسە گەورەکەمان لەبیر بچێتەوە کە چەسپاندنی مافە دەستووری و مافە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتیک و فیدراڵدا.''
 
''کوردی وڵاتانی دیکە دەتوانن سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن''
 
قوباد تاڵەبانی لەو باوەڕەدا نییە پیادەکردنی دەسەڵاتێکی فیدراڵیی ''بە تەواوی'' هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بۆ سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان گونجاو بێت و گوتی: ''هەر ناوچەیەکی کوردنشین لە وڵاتانی تورکیا، سووریا یان ئێران، تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، لەوانەیە داواکارییەکان جیاواز بن. لەوانەیە دۆخی سیاسی، ئیداری و یاسایی ئەو وڵاتانەش جیاواز بێت.'' 
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەتوانن سوودێکی زۆرلە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن، ''بەڵام دڵنیاش بن کە پرسەکە هێشتا ماوە و لەوانەیە وەک پێویست تەواوی مافە دەستوورییەکانمان بەدینەهاتبن. بەڵام خەباتەکە بەردەوامە و بە پشتیوانیی حیزبە هاوپەیمانەکانمان، عێراق بەرەو وڵاتێکی دیموکراتیتر دەڕوات و وڵاتانی دیکەیش کە کوردیان تێدایە، بەرەو دیموکراسیبوون و دامەزراوەییتر دەڕۆن.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد جەختی لەوە کردەوە، ''زۆر روونە، کێشەی کورد لە وڵاتانی دیکە (ئێران، تورکیا و سووریا) چارەسەر نەبن، کێشەکانی ئەو وڵاتانەش چارەسەر نابن و پرسی دیموکراسیش پێشناکەوێت.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.