رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا دەڵێ، بەرهەمهێنانی کارەبا 800 مێگاوات کەمی کردووە و هەر بەو هۆیەوە هەندێکجار کارەبا بۆ ماوەیەکی کەم دەبڕدرێ. بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێ: "ئەو کەمبوونەوەیە کاریگەری لەسەر هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی نابێ و تەنیا ئەوانەی دەرەوەی پڕۆژەکە چەند کاژێرێک کارەبایان کەم دەبێتەوە".
رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پڕۆسەی چاکسازی بۆ ژێرخانی کارەبا لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای دانەگاز بەردەوامە، بۆیە بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 150 ملیۆن پێی سێجا کەمی کردووە، بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 800 مێگاوات دابەزیوە و هەندێکجار کارەباش بۆ ماوەیەکی کەم دەبڕدرێ".
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکرێ، ئەمە وەک ئامادەکارییە بۆ وەرزی زستان، کە هەموو بۆری و ئامێرەکان تاقی دەکرێنەوە و ئامادە دەکرێن، چونکە ئێستا خواست لەسەر کارەبا بەهۆی کەشەکەوە کەمێک کەمترە".
بە گوتەی فارس میرخان، دوو ساڵ جارێک ئەم چاکسازییە دەکرێ و هەوڵدەدرێ لە دوو رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێ. گوتیشی: "ئەو هەنگاوە هیچ کاریگەری لەسەر هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی نابێت و کارەبای ئەوان کەم نابێتەوە. تەنیا ئەوانەی دەرەوەی پڕۆژەکە بۆ دوو رۆژ، یەک بۆ دوو کاژێر کارەبایان کەم دەبێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا باسی لەوەش کرد: "لە رۆژانی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێ".
ئەم ساڵ، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، بە رێژەی 75% بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ