رووداو دیجیتاڵ
لایەنە کوردستانییەکان لە پارێزگای کەرکووک بە پێنج لیست و عەرەبەکانی 7 لیست، تورکمانەکانیش بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردنی دەکەن، نێو ماڵی عەرەب پەرتە و کورد چاوی لە 50+1 دەنگەکانی کەرکووکە، لە 12 کورسییەکەی کەرکووک هەریەک لە کورد و عەرەب چاویان لە 7 کورسی و بەرەی تورکمانی چاوی لە چوار کورسییە.
پارێزگای کەرکووک، خاوەنی 12 کورسیی پەرلەمان و کورسییەکی کۆتای کریستیانەکانە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا، جارێکی دیکە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی توند لەنێوان نەتەوەکانی پارێزگاکە، بەهۆی رەهەندە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانییەوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی بۆ کورد.
عەرەب؛ 7 لیست و دەنگی پەرت لە پارێزگاکەدا
لەم هەڵبژاردنەدا، 7 لیست و هاوپەیمانیی عەرەبی بە گەرموگوڕییەوە دەستیان بە بانگەشە کردووە لە کەرکووک، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی، هاوپەیمانیی عەزمی عێراق (عەزم) بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری، پارتی عومران، هاوپەیمانیی نیشتمانیی هۆزایەتی لە عێراق و حیزبی رەفعەی نیشتمانی، هەریەکەیان چاویان لە کورسییەکانی کەرکووکە .
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، چوار کورسیی پەرلەمان بەر عەرەبی کەرکووک کەوت، بەڵام دۆخی ئێستای کەرکووک جیاوازە، چونکە ئەو کات پۆستی پارێزگار لای راکان جبووری بوو، ئێستا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخراوەتەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، بە سەردانیکردنی کەرکووک هانی دەنگدەرانی عەرەبیان دا بۆ بەشداریی چڕ لە هەڵبژاردن، حەلبووسی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرن.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عەرەبی کەرکووک ئێستا ئەو پاڵنەر و ئامرازانەی لەبەردەستدا نییە لە هەڵبژاردنی رابردوودا هەیبوو، لەوانەش پۆستی پارێزگار، کە ئێستا لای کوردە. ئەمەش رەنگە هەندێک دەنگدەری عەرەبی سارد کردبێتەوە."
بە بڕوای حەمدانی، زۆری ژمارەی لیستە عەرەبییەکان رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی دوو کورسی، چونکە هەندێک لەو لیستانە ناتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و دەنگەکانیان بەفیڕۆ دەچێت. سەرەڕای ئەمەش، حەمدانی ئاماژەی بەوە کرد :"زۆربەی دانیشتووانی کەرکووک عەرەبن و بەگشتیی چاویان لەوەیە شەش بۆ حەوت کورسی بەدەست بهێنن لەنێویاندا دوو کورسیان بۆ هاوپەیمانیی عەزم دەبێت، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە رادەی بەشداری و هۆشیاریی دەنگدەرانی عەرەب.
"هەڵبژاردنەکە بۆ کورد وەکو گشتپرسی وایە"
لایەنە کوردستانییەکان بە پێنج لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 24 بەربژێر، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 24 بەربژێر، نەوەی نوێ بە 7 بەربژێر، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە 5 بەربژێر و بەرەی گەل بە 5 بەربژێر.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، لایەنە کوردستانییەکان شەش کورسییان بەدەستهێنا،سێ کورسی بۆ یەکێتی، دوو کورسی بۆ پارتی و کورسییەکیش بۆ نەوەی نوێ.
شاهۆ نەجم کەرکووکی، بەربژێری ژمارە 2ـی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی کەرکووک جیاوازە و پرسێکی نەتەوەییە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین بە گڕوتینەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. کەرکووک پێویستی بە کوردایەتییە، نەک حیزبایەتی، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان یەکدەست و یەکدەنگ بن بۆ خزمەتکردنی کەرکووک، چونکە خەڵکی کەرکووک موزایەدە قبووڵ ناکەن."
بەربژێرەکەی پارتی دەڵێ: "خزمەتگوزارییەکانی کەرکووک رووکەشن و خەڵک پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاتر و هەلی کار هەیە بۆ گەنجان."
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک- حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هەڵمەتی بانگەشە لە کەرکووک بە ئارامی بەڕێوەدەچێت. گوتاری لایەنە کوردستانییەکان لۆژیکی و ئاقڵانەیە، بەڵام لایەنە عەرەبییەکان پەرش و بڵاون و دۆخیان باش نییە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، بۆ کورد، ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی مادەی 140 وەکو گشتپرسی وایە و هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی 50+1ـی دەنگەکانی پارێزگاکە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئەمڕۆ دووشەممە 27-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی کورد لەم هەڵبژاردنە باشە، بەتایبەتی کە پۆستی پارێزگار لای کوردە و رێبوار تەها رۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لایەنە کوردستانییەکان 7 کورسی بەدەستبهێنن، کە پێنجیان بۆ یەکێتی."
میروەیس، داوای لە هەموو ئەو کوردستانییانەی کەرکووک کرد کە لە دەرەوەی پارێزگاکە نیشتەجێن، لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە شارەکەیان، چونکە "هەڵبژاردن لە کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 پرسێکی نەتەوەیی و هەستیارە."
تورکمانەکان بە دوو لیست بەشداری دەکەن
تورکمانەکان بە دوو لیست بەشدارییان کردووە: بەرەی تورکمانیی عێراقیی یەکگرتوو و هاوپەیمانیی رزگارکردنی تورکمانی کەرکووک (کە تورکمانە شیعەکانن).
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقی، رۆژی دووشەممە، 27-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەی تورکمانی نوێنەری راستەقینەی تورکمانە و کاری زۆری کردووە. تاوەکو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئاساییدا بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێ دەکەین بەرەی تورکمانی لەم هەڵبژاردنەدا 4 کورسی بەدەستبهێنێت."
بۆ کورسییە کۆتاکەی کریستیان 8 کەس خۆیان بەربژێر کردووە، لە هەڵبژاردنی رابردوو بەربژێرەکەی رەیان کلەدانی ئەمینداری بزووتنەوەی بابلیوون کورسییەکەی کەرکووکی بردەوە.
ژمارەی گشتیی بەربژێرەکان لە کەرکووک 249 کەسە، کە 173ـیان پیاو و 76ـیان ژنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ