کوردستان
ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی و ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی لە کۆنفرانسی جینۆسایدی گەلی کورد لە زانکۆی دهۆک
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی لەبارەی جینۆسایدی گەلی کورد لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو.
سەرکردە و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق جەختیان لە گرنگیی بەدۆکیومێنتکردنی زانستییانەی تاوانەکان و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی کردەوە، هاوکات پابەندبوونی عێراقی نوێیان بە دادپەروەری بۆ قوربانییان دووپاتکردەوە.
سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان تۆڵەی نەکردەوە
سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەو تاوانانە ئەوەندە گەورەن، قەت لەبیرناکرێن، بەڵام تۆ وەرە گەورەیی ئەو میللەتە ببینە، پەنایان نە بردە بەر تۆڵەکردنەوە."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە راپەڕینی ساڵی 1991 کرد و گوتی، سەرەڕای ئەوەی دوو فەیلەقی سوپا کەوتنە دەست گەلی کوردستان، "یەک سەربازی عێراقیش نەکوژرا و سووکایەتی پێنەکرا، هەر ئەو سەربازانەی 4500 گوندی ئێمەیان تەخت کرد، ئەوانەی ئێمەیان ئەنفال کرد.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە "قەرەبووکردنەوەی ئەم خەڵکە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە، چونکە ئەوان میراتگری ئەو حکومەتەن کە ئەم تاوانانەی کردووە." هەروەها داوای لە پەرلەمانی وڵاتانی جیهان کرد دان بە جینۆسایدی گەلی کورددا بنێن.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەک رێزێک بۆ رۆڵی لە بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، سەرۆک بارزانی میدالیای بارزانیی بەخشییە پرۆفیسۆر دکتۆر یاسین کەریم ئەمین، سەرۆکی کۆنفرانسەکە.
بەرپرسانی عێراق: داننان بە جینۆساید مەرجە بۆ ئاشتبوونەوە
بەرپرسانی باڵای عێراق لە گوتارەکانیاندا جەختیان لەوە کردەوە داننان بە تاوانەکانی حکومەتی بەعس و دادپەروەری بۆ قوربانییان، بەشێکی دانەبڕاوە لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێی فیدراڵ.
شێخ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە رایگەیاند، وانەی گرنگی لە ئەنفال وەرگرتووە و گوتی: "وانەی سێیەم کە لە گەلی کوردم وەرگرت ئەوەبوو، ئەم گەلە مەزنە تۆڵەسەندنەوە زاڵ نەبوو بەسەریدا، بەڵکو گەلێکی لێبووردە بوو لەپێناو ژیان و پێکەوەژیاندا."
نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق، دکتۆر کامل دلێمی، پەیامی دکتۆر لەتەیف رەشیدی خوێندەوە و تێیدا جەختی کردەوە تاوانەکانی ئەنفال "تاوانی جینۆسایدن بە هەموو رەهەندە یاسایی و مرۆییەکانییەوە." لە پەیامەکەدا هاتبوو: "عێراقی نوێ تەنیا لەسەر بنەمای داننان بەو ستەمە مێژووییانەدا بنیاد دەنرێت کە بەرامبەر بە هەموو پێکهاتەکانی کراوە. بەدۆکیومێنتکردنی زانستی رێگرییە لە بەردەم لەبیرچوون و گەرەنتییە بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەسات."
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامی محەممەد شياع سوودانیی گەیاند و گوتی، حکومەتی فیدراڵی "پابەندبوونی دەستووری، نیشتمانی و ئەخلاقیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و دادپەروەری بۆ قوربانییان" دووپات دەکاتەوە.
دکتۆر زێدان ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی نێوان تیمەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچەکانی وەک سەماوە و سەلمان، هەروەها چوار خاڵی گرنگی خستەڕوو، لەوانە: "پێویستیی بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هێشتا ماون،" هەروەها "پێویستە یادی هەڵەبجە، ئەنفال و شنگال بکرێنە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بزانن مافی ژیان و کەرامەت بەسەرناچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ