کوردستان
کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا. وێنە: وەزارەتی پێشمەرگە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی هاوپەیمانان و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە وەزیری پێشمەرگەی گوتووە، "واشنتن دڵخۆشە بە گەڕانەوەت".
وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە.
شۆڕش ئیسماعیل بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کردووە "لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا".
وەزیری پێشمەرگە گوتوویەتی، "هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستیی بە کاری پێکەوەیی هەیە، بۆ رووبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان".
رۆژی دووشەممە 27-11-2023، دوای ساڵێک و حەوت مانگ دابڕان، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بەردەرگاوە بە پاسەوانی شەرەف پێشوازی لە شۆڕش ئیسماعیل کرا، بە کەناڵەکانی میدیای گووت، "لەبەر خراپی دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕامەوە سەر کار، لەپێناو بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگە و چاکەی گشتیی درێژە بە ئەرکی خۆم دەدەم".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەنڕاڵ مەکنێنزی، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان هیوای خواستووە، قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دوورمەودا لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە "هەمووان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازیی زیاتر پەرە پێبدەن". هەروەها ستایشی هەوڵەکانی رابردووی وەزیری پێشمەرگەی کردووە لە پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
هاوکات، کۆڵۆنێل مایکڵ گاجیرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی واشنتنی لە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاندووە و گوتوویەتی، "ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورە و گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازیی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ـی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ