کوردستان
کۆبوونەوەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکارانی میسر. وێنە: دەستەی وەبەرهێنان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکارانی میسر کۆبووەوە. گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت، دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی میسر لە بواری کشتوکاڵدا وەربگرن و شاندە میسرییەکەش بەڵێنی هاوکارییان داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-11-2023، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی میسر کۆبووەتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و میسر کراوەتەوە".
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 28-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "میسر وڵاتێکی گەورەیە لە بواری کشتوکاڵدا. ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت، بەتایبەت لەوێ زەوییەکان پۆلێن دەکرێن و هیچ وەرزێک بە بەتاڵی ناهێڵدرێنەوە و بە بەروبوومی جیا دەچێندرێن".
بەرگەشت ئاکرەیی گوتی، شاندی میسر بەڵێنیاندا، بە پسپۆڕ و وەبەرهێنی خۆیان لە بواری کشتوکاڵدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی وەبەرهێنان، "شاندی میسر ئامادەییان پیشانداوە بەشداریی پڕۆژەی وەبەرهێنان بکەن و هانی وەبەرهێنەرەکانیشیان بدەن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و بەدیاریکراوی لە کەرتی کشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشانداوە کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی وەبەرهێناندا هاوکاری و ئاسانکاری لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنەرانی میسری لە هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ