پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کرایەوە؛ 'زیاتر لە 150 هەزار کەس سەردانی دەکەن'

28-11-2024
نزار جەزا
دیمەنێک لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی.
دیمەنێک لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەشەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی لە یەکەم رۆژی کردنەوەیدا جمەی دێت لە خوێنەر. خوێنەران بە گەنج و پیرەوە رووی تێدەکەن. لە پێشانگاکەدا 200 ناوەند و وەشانخانە لە 12 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، شەوکەت مەلا ئیسماعیلە، هاونیشتمانییەکی تەمەن 85 ساڵە و لە منداڵییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.
 
شەوکەت مەلا ئیسماعیل، نوسەر و خوێنەرە و دەڵێت: "بۆ سێ چوار کتێب هاتم بیکڕم، یەکێکیان فەرهەنگی هەمبانەبۆرینەیە. زیاتر حەزم لە نووسینە وەک لە خوێندنەوە، بەڵام هەر دەخوێنمەوە. زیاتر لە بواری زمانی کوردی یان فەرهەنگەکان دەخوێنمەوە. خۆشم لە بواری فەرهەنگدا کاردەکەم و فەرهەنگێکم بە ناوی 'مامۆستا'وە هەیە کە فەرهەنگی کوردی بۆ ئینگلیزییە."
 
گەشتیار غەریب، سەردانیکەری پێشانگاکەیە و دەڵێت: "دووەم ساڵە بەشداری ئەم پێشانگەیە دەکەین، یەکەم ناوەندین کە هەموو کتێبەکانی تایبەت بێت بە بزنس، 27 کتێبمان نمایشکردووە و 13 بەرهەمیان یەکەمجارە نمایش دەکرێن."
 
پێشانگاکە ماوەی 11 رۆژ لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 06:00 ئێوارە بە رووی سەردانیکەراندا کراوە دەبێت.
 
سەربەست مەنمی، بەرپرسی بەشی روانگە کولتوور لە دەزگای روانگە دەڵێت: "بەشداریمانکردووە بەئامانجی ناساندنی پڕۆژەکەمان بە بەشداربووانی پێشانگاکە، بۆئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەین بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە فەرهەنگ و کولتووری کوردی."
 
لوقمان رەحمانی، خاوەنی ناوەندی کتێب لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری لە پێشانگاکە کردووە و دەڵێت: "ئامانجمان لەم بەشداریکردنە ئەوەیە کە کتێبی رۆژهەڵاتی کوردستان بخەینە بەرچاوی خوێنەرانی باشووری کوردستان بۆئەوەی پەیوەندییەکانمان زیاتر بەردەوامبێت."
 
گوڵان میروان، بەڕێوەبەری بازاڕگەری پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب باس لەوە دەکات کە هەموو ساڵێک زیاتر لە 150 هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەی کردووە و چاوەڕێ دەکەن ئەم ساڵ بەهۆی زۆری و جۆراوجۆریی کتێبەکانەوە سەردانیکەریان زیاتر ببێت.
 
کتێبە نمایشکراوەکانی پێشانگاکە هەموو بوارە جیاوازەکان دەگرێتەوە و 60٪ـی کتێبەکان عەرەبی و بیانین. ئەوانی دیکەش کوردین. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە