لە ورمێ دەست بەسەر 30 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

28-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەڵماسی پارێزگای ورمێ دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیر کراوە.
 
ناسر مەزڵوومی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 27-11-2025، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، توانرا ئۆتۆمبێلێک رابگیرێت، کە هەوڵی گواستنەوەی مادەی هۆشبەری دەدا.
 
بەگوتەی ناسر مەزڵوومی، لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا، دەستیان بەسەر 30 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گرتووە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سەڵماس ئەوەشی خستەڕوو، قاچاخچییەکان لە باشووری ئێرانەوە مادەی هۆشبەریان گواستووەتەوە بۆ سەڵماس و ویستوویانە لە ناوچەکە بڵاوی بکەنەوە.
 
وەک ناسر مەزڵوومی دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کەسێک دەستگیرکراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکیشدا گیراوە.
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان، ئازەربایجان و پارێزگاکانی سنە، زەنجان و تەورێز وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە