رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، دۆخی کێڵگەکە ئاسایی بووەتەوە و ئەمڕۆ شاندێکی ئەمنیی هاوبەش کە پێکهاتوون لە وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی کێڵگەکە دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە رۆژی هەینی 28-11-2025، شاندێکی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بکەن.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، ئامانج لە سەردانی شاندەکە لێکۆڵینەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و شێوەی بۆردوومانکردنی کێڵگە گازییەکەیە.
وەک ئەرکان عەلی دەڵێت، شاندە باڵاکە تیمێکی تەکنیکییان لەگەڵدایە، کە لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی هێرشەکە و جۆری ئەو چەکە دەکەن کە تێیدا بەکارهێنراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای نیوەڕۆی دوێنێ دۆخی کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و تیمە تەکنیکییەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان نیشتەجێی هەولێرن.
دوای بەرزکردنەوەی راپۆرتی شاندەکە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا لە کۆمپانیای جێبەجێکاری بەرهەمهێنەر لە کۆرمۆر دەکرێ، کە دەست بە بەرهەمهێنانی گاز بکاتەوە، بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی.
یەکێک لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە بۆ پاراستنی کێڵگە گازییەکە. ئەرکان عەلی گوتی: ''چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دووبارە جەخت لە داواکارییەکەی حکومەت بکاتەوە.''
کاژێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەم، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە تانکییەکی کۆگاکردنی گازی شل و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 80٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ