رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داعش هێرشی کردووەتە سەر دوو پۆلیسەکەی کەرکووک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی کردەوەکەی ئەمڕۆی شاری کەرکووکیان ئەنجامداوە، سەر بە داعشن."
لە رووداوێکی تەقەکردندا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کەرکووک پۆلیسێکی چالاکییە مەدەنییەکان کوژرا؛ بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست رووداو کەوتووە، دوو چەکدار دەچنە پشت سەری دوو پۆلیس و تەقەیەیان لێدەکەن و هەڵدێن.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، دوو چەکداری داعش چاودێریی دوو پۆلیسەکەیان کردووە و کاتێک بۆ شت کڕین چوونەتە بازاڕ تەقەیان لە هەردوو پۆلیسەکە کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی یەکێکیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پۆلیسێک دوو فیشەکی بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە، پۆلیسی دووەم بریندارە. جگە لەوەش، دوو هاووڵاتیی دیکە کە یەکێکیان پیاوە و ئەوی دیکەیان ئافرەتە و بۆ بازاڕکردن چوونەتە نێو بازاڕ، برینداربوونە.
هاوکات، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکووک کە قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کردووە، دوو چەکدارەکەی داعش لە بەردەم ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە چاودێریی دوو پۆلیسەکەیان کردووە تاوەکو شوێنی تەقەکردنەکە، واتە تا نێو سەنتەری بازاڕی کەرکووک.
پێش ئەوەی بچنە بازاڕ، ئەو دوو پۆلیسەی چالاکیی مەدەنی لە بەردەم ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ئەرکدا بوونە. دواتر بۆ کاری پێویست چوونەتە نێو بازاڕ و لەوێ تەقەیان لێکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوو چەکدارەکە لەدوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایانکردووە و تەقەیان کردووە بۆ ئەوەی کەس رێگرییان لێنەکات. دواتر چوونەتە گەراجی حەویجە و پاشان چوونەتە نێو چەمی خاسەوە. دواتر خۆیان لە کامێراکانی چاودێریی ونکردووە. هێزە ئەمنییەکانیش لەو دەوروبەرە لێکۆڵینەوە و پشکنینەکانیان چڕکردووەتەوە. پۆلیسی کەرکووک دوو لیژنەی لەو بارەیەوە پێکهێناوە؛ یەکێکیان لیژنەی لێکۆڵینەوەی تاوانە، ئەوی دیکەیان تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە کردەوە تیرۆریستییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پۆلیسە کوژراوەکەی کەرکووک ناوی شوان تاهیر حوسێنە و لەدایکبووی 1986ـە؛ هاوسەرگیریی کردووە و چوار منداڵی هەیە، کچێک و سێ کوڕن؛ پلەی مفەوەز بووە لە هێزی پاراستنی یاسای چالاکییە مەدەنییەکانی کەرکووک.
رووداوێکی "تیرۆریستییە"
پۆلیسی کەرکووک لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی "رووداوی کوشتنی پۆلیسەکەی چالاکییە مەدەنییەکان لەلایەن کەسێکی دەمامکدارەوە، تیرۆریستییە."
عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت لە ڤیدیۆ و دیمەنەکانی رووداوەکە دەبینین "رووداوەکە بە رووداوێکی تیرۆریستی دادەنرێت، لەبەرئەوەی بێ ئەوەی هیچ دەمەقاڵێ و شەڕێک هەبێت (بکوژ) بە دەموچاوی پێچراوەوە دێت، لە پشتەوە تەقە دەکات و هەڵدێت."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک خۆی سەرپەرشتیی ئەو کەیسە دەکات و "تیمەکانمان هەموویان لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە دەکەن. بەدوای کامێراکانەوەن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا وەک چۆن ئەوانەی پێشتر گیران، ئەمانەش دەگیرێن."
سەبارەت بە ناسنامەی بکوژ، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی تائێستا هیچ شاهێدحاڵێک نەهاتووە شاهێدی بدات، "کە ئەمانە کورد بوون، بەڵام ئەوەی دەیبینین ساتی کوشتنەکە لە ڤیدیۆکەدا هەیە، کە (بکوژ) لە پشتەوە تەقە لە پۆلیسێک دەکات و گولە لە ئەوەی دیکەش دەدات، دواتر هەڵدێت، بەبێ ئەوەی بزانێت ئەمە کێیە، تەنیا ئەوەیە کە جلوبەرگی پۆلیسی لەبەرە، بۆیە رووداوەکە تائێستا لەلای ئێمە بە رووداوێکی تیرۆریستی دادەنرێت."
لەبارەی دۆخی بریندارەکان، عامر نووری شوانی بە رووداوی گوت "پۆلیسەکەی دیکە کە هاوڕێی پۆلیسە کوژراوەکە بووە، دۆخی تەندروستیی باشە و بریندارەکەی دیکەش، ژنێکە بۆ میوانداری لە کەرکووک بووە، گولە بە شانی کەوتووە."
ئەمە یەکەمجار نییە "کاری تیرۆریستیی لەمجۆرە لە کەرکووک" بکرێت، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی "پێشتریش لە بازاڕی 50 عەلی، رووداوی هاوشێوە روویداوە و توانیمان بگەینە ئەنجام و (تاوانبار دەستگیر بکەین)."
لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک لە وەڵامی پەیامنێری رووداو گوتی، "وەک بەچاوی خۆتان بینیتان، دوو پۆلیس کە لەژێر پاراستنی یاسادان، بۆ پێداویستیی خۆیان هاتوونەتە نێو بازاڕەکە، کەسێک لە پشتەوە تەقە دەکات و دەیکوژێت."
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک هەروەها گوتی، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری تاوانەکە چییە و "دوای ئەوە، خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە."
لەبارەی دۆخی بریندارەکانیش، رایگەیاند، "لەخوا بەزیاد بێت دۆخی زۆر باشە."
بەگوتەی شایەتحاڵان، جگە لە کوژرانی ئەو پۆلیسەی چالاکییە مەدەنییەکان، سێ کەسی دیکەش کە یەکێکیان ژنێک بووە، بریندار بوون.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "[تەقەکەرەکان] دوو گەنج بوون، هەردووکیان کورد بوون، پۆلیسێکیان لێرە کوشت، ژن و پیاوێکی دیکەش بریندار بوون."
سەبارەت بە چۆنییەتی رووداوەکە، شایەتحاڵەکە گوتی، "دەمەقاڵێ لەنێوانیان رووینەدا یەکسەر لێیدا، لە سەری دا، کە پۆلیسەکە کەوت، ئیدی ژنێک و دواتر پیاوێکی دیکەش بریندار بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ