جێگری پارێزگاری نەینەوا: بەدەستنەهێنانی کورسی لە شنگال بۆ کورد شکست و کارەساتە

28-12-2023
شیراز رەئوف
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا.
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا بۆ کورد نائومێدی بوو و پێویستە پارتی و یەکێتی بەدواداچوونی ورد بکەن و بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە.
 
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "کورد ئەنجامەکانی زۆر خراپ بوون لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوادا و تووشی شۆک بووین."
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراقدا کە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، کورد لە پارێزگەی نەینەوا بە دوو لیستی سەرەکی بەشداربوو؛ یەکێکیان لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بە 137 هەزار و 714 دەنگ 4 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش بە 49 هەزار و 505 دەنگ 2 کورسیی بەدەستهێنا.
 
گوتیشی: کورد پێشبینییەکانی وابوو کە 9 بۆ 10 کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەستبهێنێت، 7 کورسیی پارتی و 3 کورسیی یەکێتی، بەڵام ئەنجامەکان چاوەڕوان نەکراو بوون کاتێک کورد تەنیا 6 کورسیی بەدەستهێنا؛ پارتی 4 کورسی و
یەکێتی 2 کورسی، بەوەش پێگەی کورد لە نەینەوا کەوتووەتە مەترسییەوە و پارتی و یەکێتی لەو دۆخە بەرپرسن.
 
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا وای گوتی "کورد پۆستەکانی ئێستای لە نەینەوا دەستناکەوێتەوە"  و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پارتی و یەکێتی هاوئاهەنگی نەکەن بۆ دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، ئەوا کورد لە ئیدارەی
نوێدا هیچی دەستناکەوێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی لە دۆخی شنگال کرد و گوتی: "کارەساتە هیچ بەربژێرێکی کورد لە شنگال دەرنەچووە." باسی لەوەش کرد، لە 200 هەزار دەنگی دەنگدەرانی شنگال پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە هیچ بەربژێرێکیان سەربخەن، "ئەوەش نیشانەی ناڕەزایی و نیگەرانیی خەڵکی شنگالە لە سیاسەتی ئەم دوو حیزبە لە لایەک و لەلایەکی دیکەش نیگەرانیی خەڵکی شنگالە لە دۆخی قەزاکەیان کە ئەنجامەکان وان، هاوکات نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر رێژەی دەنگەکانی کورد لە شنگال."
 
جێگری پارێزگاری نەینەوا پێیوایە، "شنگال بووەتە قوربانی ململانێیەکان؛ ململانێی کورد و کورد، کورد و عەرەب، عێراق و هەرێمە کوردستان، تەنانەت ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە شنگال هەیە و هەموو ئەم ململانێیانە شنگالیان کرد بە قوربانی."
 
 

 

 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە