رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر ئاماری ساڵی 2023 چالاکیی لیژنەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2023 هەزار و 98 شوێنیان داخستووە؛ هەروەها هەزار و 14 شوێنی زێدەڕۆیان تێکداوە؛ بە گوێرەی ئامارەکە، ئەم ساڵ دەستگیراوە بەسەر 7349 سیمکارتی تۆمار نەکراودا؛ هاوکات دەستیانگرتووە بەسەر 5 تۆن یاری ئاگریندا.
رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی لە ساڵی 2023ـدا خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی سەرپێچییە جیاکانەوە هەزار و 98 شوێن داخراون.
"343 دەرمانخانە داخراون"
لە ئامارەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەولێردا هاتووە، ئەو شوێنانەی لە هەولێر و دەوروبەری بەهۆی پابەندنەبوون بە رێکارە تەندروستی و کارگێڕییەکانەوە داخراون بریتین لە؛ 755 هۆتێل، رێستۆرانت، مارکێت، خواردنگەکان و فرۆشگە جیاکانی دیکە، هەروەها 343 دەرمانخانە و کۆگەی دەرمان داخراون.
بە گوێرەی ئامارەکە، تەنیا لە قایمقامییەتی هەولێر داهاتی پێبژاردنەکان 294 ملیۆن دینار بووە؛ نەبەز عەبدولحەمید گوتی، بەپێی دەسەڵاتێک کە وەزارەتی دارایی پێیداون، ئەوانەی سەرپێچی دەکەن یەک بۆ پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
قایمقامی هەولێر گوتی، "سەتان ملیۆن دیناری دیکە پێبژاردن هەبوو لە تەندروستی، چاودێری بازرگانی، گەشتوگوزار، ڤێتەرنەری و ئەو شوێنانەی دیکە کە دۆسیەکان پەیوەندی پێیانەوە هەبووە."
"هەزار و 14 شوێنی زێدەڕۆ تێکدراون"
لە ساڵی 2023 رێکاری یاسایی و کارگێڕی دژی هەزار و 14 شوێن وەکو زێدەڕۆ گیراوەتەبەر؛ قایمقامی هەولێر دەڵێت، تێیدا بووە خانوو یان تەنیا دیوارێک، هەشبووە دووکان یان باخچە بووە کە لەسەر "موڵکی گشتی دروستکراوە" و تێکدراوە.
بە گوێرەی ئامارەکە، هەزار و 134 کەس وەکو سەرپێچیکار لە کۆی دۆسیەکان راگیراون، لەو ژمارەیە 941 کەسیان لە قایمقامیەت بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و سەرپێچییەکەیان پێ چاککراوە و سەربەست کراون؛ هەروەها 139 کەسیان رەوانەی دادگە کراون و بە بڕیاری دادوەر زیندانی کراون.
"دەستگیراوە بەسەر 7349 سیمکارتی تۆمار نەکراودا"
نەبەز عەبدولحەمید کە هاوکات سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەولێرە، لە کاتی خوێندنەوەی ئامارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2023دا 214 تۆن کاڵا و شمەکی ماوەبەسەرچوو لەنێوبراون، ئەوەی گۆشت بووبێت رەوانەی شێڵتەری سەگە بێلانەکان کراوە.
قایمقامی هەولێر گوتی، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023دا دەستیانگرتووە بەسەر 7 هەزار و 349 سیمکارتی تۆمارنەکراودا کە بە "تۆز و با" ناسراوە و لە شەقامەکانی هەولێردا دەفرۆشران. گوتیشی، "هەبوونی ئەو سیمکارتانە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروستکردبوو؛ بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام تائێستا بە قاچاخ و بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێت."
"دەستگیراوە بەسەر 5 تۆن یاری ئاگریندا"
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو، کە لیژنەکانی قایمقامییەتی هەولێر هەموو کارێکیان کردووە بۆ قەدەخەکردنی یارییە ئاگرینەکان و ئەم ساڵ دەستیان گرتووە بەسەر 5 تۆن یاری ئاگریندا.
هەروەها نەبەز عەبدولحەمید گوتی، ئەم ساڵ 63 کۆمپانیا کە پێشتر باجیان نەداوە ناچارکراون باج بدەن و داهاتێکی "باش"یان بۆ حکومەت هەبووە.
"رۆژانە پێویستمان بە 400 تۆن گازی شل هەیە"
قایمقامی هەولێر باسی لەوەکرد، لە شارەکە کەمیی گازی ماڵان هەیە و هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ زۆربوونی خواست لەسەری و گوتی، هەولێر "رۆژانە پێویستی بە 400 تۆن گازی شل هەیە"، بەڵام نزیکەی 300 تۆن دەگاتە شارەکە و داوایان کردووە پشکەکەیان زیاتر بكرێت.
"خاوەنی 126 موەلیدە سزادراون"
لە ئامارەکەی قایمقامییەتی هەولێردا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی پابەندنەبوون بە پێدانی کارەبای موەلیدە بەگوێرەی خشتەی راگەیێندراو، یان هەبوونی دووکەڵی زۆری موەلیدەکانیان، لە ساڵی 2023دا 126 خاوەن موەلیدە سزادراون.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکدا، قایمقامی هەولێر باسی لەو کەسانە کرد لە رێگەی لیژنەکانیانەوە دەستگیرکراون و گوتی، 850 کەسیان دەستگیرکردووە کە "یاسایان شکاندووە و زیانیان بە هاووڵاتیان گەیاندووە"، ئەوە جگە لەو کەسانەی لە رێگەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ