گومرگی مهاباد: هەناردەمان 50٪ زیادیکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد دەڵێت، هەناردەکردنی کاڵا لە رێگەی ئەو گومرگەوە 50٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 44 ملیۆن دۆلار.
 
رۆژی یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد ئەحمەدی رایگەیاند، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-12-2025 واتە لە ماوەی نۆ مانگدا، بایی 44 ملیۆن و 160 هەزار دۆلار کاڵا لە رێگەی گومرگی مهابادەوە هەناردە کراوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد، بەراورد بە پار، هەناردەکردن نزیکەی 50٪ زیادیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، کۆی گشتیی هەناردەی گومرگی مهاباد 42 ملیۆن دۆلار بوو.
 
ئەحمەد ئەحمەدی دەڵێت، کەلوپەلەکان هەناردەی وڵاتانی دراوسێی ئێران کراون، کە 90٪ی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە. دەشڵێت، زۆرترین بەرهەمی هەناردەکراو لە رێگەی گومرگی مهابادەوە "بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و خۆراک" بووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی مهاباد، لەو ماوەیەدا بایی نزیکەی 25 ملیار و 300 ملیۆن تمەن (نزیکەی 180 هەزار دۆلار) کەلوپەلی قاچاخ لە گومرگەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، کە بەراورد بە پار 42٪ کەمی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەیان کەرەستەی ناوماڵ، کەرەستەی جوانکاریی خانمان، ئامێری ماینەر، قوماش و جلوبەرگ بوون.
 
مهاباد شارێکی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و گومرگی شارەکە یەكێک لەو نۆ گومرگانەیە کە لە پارێزگای ورمێ چالاکن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە