داوای قەدەخەکردنی گردبوونەوەکەی ئامەد دەکرێ

28-12-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

داوای قەدەخەکردنی ئەو گردبوونەوەیە دەکرێ کە بڕیارە دەم پارتی لە ئامەد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێکی بخات. 
 
بڕیارە رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2026، لە ئامەد بە دروشمی "ئازادی" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەم پارتی گردبوونەوەیەک رێکبخات. گرووپێک پارێزەر کە دژی گردبوونەوەکەن، داواکارییان پێشکێشی پارێزگای ئامەد، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە چالاکییەکە بکرێ.
 
پارێزەرەکان هۆکاری داوای قەدەخەکردنی گردبوونەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە هەر گردبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" و "ستایشکردنی تاوان و تاوانکار" هەژمار دەکرێ.
 
لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گردبوونەوەکە لە رووی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە "مەترسیی ئاشکرا و نزیک" دروست دەکات، بۆیە داوای دەرکردنی بڕیاری قەدەخەکردن کراوە بە پشتبەستن بە مادەی 34ی دەستوور، یاسای ژمارە 2911ی تایبەت بە گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان و یاسای ژمارە 5442ی تایبەت بە ئیدارەی پارێزگاکان.
 
پارێزەرەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، رێگەدان بە گردبوونەوەکە دەسەڵاتی دەوڵەت لاوازدەکات و ئەگەر کردەوەی هاوشێوە بۆ ناوچەکانی دیکەش بگوازرێتەوە، گرژیی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. 
 
گرووپەکە بانگەوازی ئاراستەی پارتە سیاسییەکانیش کردووە و رایگەیاندووە، پێویستە پارتەکان هەڵوێستێکی روونیان بەرامبەر بەم گردبوونەوەیە هەبێت.
 
پارێزەرەکان رایانگەیاندووە، داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆنی ئاسایشی پەرلەمانی تورکیاش کردووە و هاوکات لە داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەد سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە.
 
19ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند: "بە بڕوای من، رێکخستنی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییەی دەم پارتی لە 4ی کانوونی دووەمی 2026، هیچ لایەنێکی نەرێنی و رێگریکردنێکی نییە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."