رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی، کەسێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. میدیای نزیک لە پەکەکە دەڵێت، "لەلایەن میتی تورکیاوە کوژراوە"
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، ئەو کەسە ناوی د. عەبدولقادر سەبری تۆپراقە و بە دکتۆر سەبری بەنێوبانگە، لەدایکبووی شاری بتلیسی باکووری کوردستانە لە ساڵی 1989.
وەکو هاوڕێ و کەسوکارەکەی باسی دەکەن، دوو تاوەکو سێ گولـلە بە د. سەبرییەوە نراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، زانیاری بەدەستهێناوە کە د. سەبری ماوەی 12 ساڵە لە شاری سلێمانی دەژیێت و ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بووە.
میدیای نزیک لە پەکەکە لەدوای رووداوەکە "دەزگەی هەواڵگریی تورکیا - میت" تۆمەتبار کرد بە کوشتنی د. عەبدولقادر سەبری و گوتی، "ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان، ساڵانێکە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لە سلێمانی دەژی."
ئەو میدیایەی نزیک لە پەکەکە باس لەوەدەکات، "میت بە چوار گوللە ئەو پزیشکەی شەهید کردووە."
پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بە رووداویان گوت، خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن و ئێستا زانیاریی ئەوتۆیان لانییە.
کەسوکارەکەی، تورکیا بە "تیرۆرکردن"ـی د. سەبری تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، پێشتریش هاوڕێی دیکەیان بە هەمان شێوە کوژراون.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، د. سەبری سەرقاڵی ئامادەکردنی دووکانێک بووە بۆ ئەوەی بیکاتە شیرینیخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ