کۆنفرانسێک بۆ تێگەیشتن و ناساندنی کوردانی ئێزدی بەڕێوەدەچێت؛ 'زیاتر لە 80%ی توێژەران نائێزدین'

29-04-2025
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە دهۆک. وێنە: رووداو
شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پانێڵی "پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئێزدی لەڕووی مێژوویی و سیاسییەوە،" یەکەم پانێڵی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بوو دەربارەی ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیای کوردانی ئێزدی، کە تێیدا بەشداربووانی پانێڵەکە باسیان لە رابردوو و ئێستای دۆخی ئەوان کرد.
 
د. ئیلهان قزلهان، مامۆستای زانکۆ گوتی، "گەورەترین ژمارەی ئێزدییەکان لە باشووری کوردستان ماونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای ساڵی 2014وە تائێستا نزیکەی 150 هەزار کوردی ئێزدی باشووری کوردستانیان جێهێشتووە. ژمارەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی وڵات زیاترە وەک لە ناوخۆی وڵات. ئەگەر ئێزدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان وەکو شنگال، پێویستیان بە هاوکارییە."
 
لە کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی 86 توێژینەوە لەلایەن 105 توێژەرەوە لە ماوەی دوو رۆژدا پێشکێش دەکرێن، کە زیاتر لە 80%یان ئێزدی نین.
 
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی دەڵێت، "بەڕاستی ئەم کۆنفرانسانەی دەکرێن زۆر گرنگن بۆ ئێمە، مێژووی ئێزدییەکان، جوگرافیا و کولتووری ئێزدییەکان بە جیهان دەناسێنن. ئێمە دەستخۆشییان لێدەکەین. زۆر توێژەر و ئەکادیمی لە دەرەوەی وڵات [و ناوخۆشەوە] هاتوون، باسی دۆخی ئێزدییەکان دەکەن. گرنگە بۆ ئێمە کە خەڵکی نائێزدی باسی ئێزدییەکان بکەن، ئەوە نیشانەی پێکەوەژیانە."
 
لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، هەندێک کەلوپەل و ئامێری دەستیی کۆن خرانەڕوو. لەوبارەیەوە شیهاب قاسم، بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکە گوتی، "ئەم ئامێرانە پێش ئێستا کاریان پێدەکرا، کاری دەستی و رۆژانەیان پێدەکرا. ئێستا ئەو کارە کەم بووەتەوە و ئامێری [نوێی] زۆر دروستبوون. بۆیە ئێمە جارێکی دیکە هێناومانن نیشانی گەنجانی خۆمانی بدەین تاوەکو بیانناسن و بیانبینن."
 
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و 16 پانێڵ تێیدا پێشکێش دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنگرەی 12ی پەکەکە

گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کەجەکە: پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە

گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت، لە کۆنگرەی پەکەکەدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە، نەوەک چەکدانان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێشتا پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی (لە تورکیا) دەستیپێنەکردووە، چونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین."