رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی خەرجکردنی زیاتر لە 4 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ 14 پڕۆژە لە شاری سلێمانی دراوە، پارەکەش لە پارەی فرۆشتنی زەوییەکانی سلێمانی خەرج دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی چەند فەرمانێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی، رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجكردنی زیاتر لە چوار ملیار و 644 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕی پارەکە کە 4 ملیار و 644 ملیۆن و 637 هەزار دینارە و لەسەر داهاتی فرۆشتنی زەوی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەبێت و بۆ جێبەجێكردنی 14 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی شارەکە.
پرۆژەكان پێكهاتوون لە كردنەوەی شەقام، كۆنكرێتكردن، دروستكردن و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ، گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكان، دابینكردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ کارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیکەی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ