رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممەوە کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆیی لەسەر رێگەی تاسڵووجە - سلێمانی کەوتنەکار کە ژمارەیان 24 کامێرایە، ئیتر هەر کەسێک لەخێرایی دیاریکراو زیاتر بڕوات سزا دەدرێت.
گلەیی زۆرینەی شۆفێران ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا بەپێی پێویست هێما و ئاماژەی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکە بوونی نییە تاوەکو بزانن لەکوێدا 60 یان 80 یان 100 بڕۆن.
بەشێک لەو شۆفێرانەی رێگەکە رێگەی کاری رۆژانەیانە دەڵێن: هەر کات بەم رێگایە هاتوچۆ دەکەین، بەهۆی کەمی هێماوە نازانین چۆن لەشەقامەکە بێ سزا تێپەڕبین.
رەهێڵ سالار، شۆفێرێکە و بە رووداوی گوت: "من لە سلێمانییەوە بە کاژێرێک و 40 خولەک هاتوومەتە دووکان، چونکە هەر لە 60 رۆشتووم، لەبەر ئەوەی بە هیچ هێمایەک خێرایی دیارینەکراوە."
مەودای رێگەی سلێمانی - تاسڵووجە 45 کیلۆمەترە و بۆ هەر ئاراستەیەک 12 کامێرا دانراون، بەڵام لە رێگەکانی ناحیەی پیرەمەگروون و رێگەی گوند و ناوچە نیشتەجێبوونەکان خێرایی دەبێت 80 کیلۆمەتر بێت لە هەر کاژێرێکدا.
ئاوات لەسەر رێگەی دووکان، کاری فیتەری دەکات و دەڵێت: بەهۆی کامێراکانەوە ئێمەش کارمان نەماوە.
ئاوات مەولوود بە رووداوی گوت: "رێگەکە زۆر چۆڵبووە، جاران پێنجشەممە و هەینییان ئەم رێگەیە جممەی دەهات، بەڵام لەوکاتەوەی گوتوویانە کامێراکان بە تێست ئیش دەکەن خەڵک زۆر کەم هاتووچۆ دەکەن."
دەربارەی کەمی دانانی هێماکان، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لەگەڵ بەشی ئەندازەیی هاتووچۆی سلێمانی هاوئاهەنگی کراوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بە درێژایی شەقامەکە و لە نزیک هەموو کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆیی تابلۆی ئاگادارکردنەوە و نیشاندانی خێرایی دیاریکراو دادەنرێت."
بۆ وەرگرتنی ئاماری چەند کاژێری رۆژی یەکەمی کارکردنی کامێراکان پەیامنێری رووداو پەیوەندی کرد بە هاتووچۆی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکارەوە، بەڵام ئامادەنەبوون ئاماری شۆفێرە سزادراوەکان ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ