رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی 'کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات و دۆستەکانی' سەردانی سەرۆک بارزانییان کرد و لەگەڵی کۆبوونەوە. سەرۆکی کۆنگرێسەکە دەڵێ، سەرۆک بارزانی زۆر دڵخۆش بوو کە گەنجی کورد لە دەرەوەی وڵاتیش خزمەت دەکات و سوپاسی دۆستانی کوردیشی کرد.
شاندەکە پێکهاتبوون لە فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات، پرۆفیسۆر مایکڵ دوست، سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیهان، نوێنەرانی سیاسیی پارتەکانی حوکمڕانی هەریەکە لە وڵاتانی سویسرا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و سڕبیا.
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد و لە دەرەوەی وڵات و دۆستانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاک مەسعود دڵخۆش بوو بە سەردانی شاندەکەمان و گوتی، خۆشحاڵە کە گەنجی کورد لە دەرەوەی وڵاتیش خزمەتی نەتەوەکەی بکات؛ سوپاسی شاندی بیانی کرد کە هاوکاریی کورد دەکەن و کار لەسەر دۆسیەی کورد دەکەن".
فەلاح حەسەن گوتیشی، سەرۆک بارزانی "باسی مێژووی کوردی بۆ شاندەکە کرد و ئاماژەی بەو کارەسات و تاوانانە کرد کە بەسەر کورددا هاتوون و داوای لە دۆستانی کورد کرد پشتیوانی کورد بکەن".
کۆنگرێسی لاوانی کورد ساڵی 2019 دامەزراوە و پێکهاتووە لە دوو بۆرد؛ بۆردی کوردی و بۆردی نێودەوڵەتی.
فەلاح حەسەن گوتی، گرنگی زۆر بە بۆردی نێودەوڵەتی دەدەن و ئەوانەی تێیدا ئەندامن کەسانی پسپۆڕی سیاسین و بەشێکیان لە وڵاتانی ئەوروپا پۆستی سیاسیی جۆراوجۆریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ