یازدە ساڵ بەر لە ئێستا، تۆڕی میدیایی رووداو چووە ژێرباری ئەرکێکی مەزن لە کاری میدیایی دا کە ئەویش دامەزراندنی میدیایەکی پرۆفێشناڵی بەکوالێتی بوو بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە بینەر و بیسەر و خوێنەری کورد لە سەرانسەری جیهان و، هەروەها سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی کوردیش بۆ ئەو بینەرە بیانییانەی بەدوای هەواڵ و زانیارییەوەن لەبارەی ئەم ناوچە پڕ لە رووداوەی ئێمە.
پەخشی رووداو لە 29ی ئایاری 2013 بووە رۆژی وەرچەرخانێکی گرنگ لە میدیای کوردستان دا، ئەمڕۆش رووداو بووەتە میدیایەکی ناسراوی ناوچەکە و جیهان. ئەمڕۆ کە ئاهەنگی زیاتر لە دەیەیەک دەستکەوتی گرنگ دەگێڕین، شانازی دەکەین بەو مێژووەی دروستمانکردووە و پلانمان هەیە بۆ داهاتوویەکی گەشتر.
لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، تۆڕی میدیایی رووداو چەندین هەنگاوی گەورە و گرنگی هەڵێناون و توانی ببێتە رێبەری میدیایی لە ناوچەکەدا. پابەندبوونمان بە گەیاندن و گواستنەوەی نێوەڕۆکی ئاستبەرز، لە سەرانسەری جیهان دا پێشوازی لێدەکرێت. بردنەوەی چەندین خەڵاتی گەورەی جیهانی بەڵگەن لەسەر توانای رووداو لە بوارە جیاوازەکان دا. ئەو خەڵاتانە دەرخەری ئەو راستییەن کە رووداو دەتوانێت چیرۆکەکان بەشێوەیەکی کاریگەر بگەیێنێت و پێشوازییان لێبکرێت لەلای بینەرانی لە سەرانسەری جیهان دا. تەنیا لە یەک ساڵی کۆتایی دا، رووداو 11 خەڵاتی بەدەستهێناون لە کێبڕكێ لەگەڵ گەورەترین دەزگاکانی جیهان دا.
رووماڵ و بەرهەمەکانی رووداو هەمیشە پڕبینەرترین بەرهەمن. هەر تەنیا رووداویش دەتوانێ ریکۆردەکانی خۆی بشکێنێت. لە ماوەی مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ دا، دیجیتاڵ میدیای رووداو تەنیا لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگەکەدا زیاتر لە 100 ملیۆن بینەری بەرنامە و بەرهەمەکانی هەبوو. ئەوەش بەڵگەیەکی روونی توانا و کاریگەریی بەردەوامی رووداوە لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا. هەروەها توانای رووداو دەردەخات لە گەیشتنە بینەری جیاواز و جیهانی و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا بۆ گەیاندنی چیرۆکەکانمان بەشێوەیەکی بەرفراوان. هەڵکشانی بەردەوامی ژمارەی بینەری دیجیتاڵ میدیای رووداو نیشانەیەکی روونی توانای رووداوە لە خۆگونجاندن و بیرکردنەوەی پێشوەخت لەنێو جیهانی میدیای بەردەوام گۆڕاودا.
تۆڕی میدیایی رووداو پابەندە بە شکاندنی سنوورەکانی داهێنان لە کاری میدیاییدا. کار لەسەر پڕۆژەی گەورە و پڕداهێنان دەکەین و ئامانجمان بەهێزترکردنی نێوەڕۆک فراوانکردنی رووبەری بینەرانە. بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین متمانەداری رووداو بپارێزین.
لە کاتێکدا ئاهەنگی 11 ساڵەمان دەگێڕین، سوپاسی ملیۆنان کەس لە بینەر و بیسەر و خوێنەرە بەوەفاکانمان دەکەین کە بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی رووداو. پێکەوە رووداومان کردە سیمبوولی سەرکەوتنی رۆژنامەڤانی و میدیایی. پێکەوە لەسەر سەرکەوتنەکانمان پێشکەوتنی گەورەتر بنیات دەنێین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە رووداو هەمیشە لە پێشەنگدا دەبێت.
تۆڕی میدیایی رووداو
29/05/2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ