رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بولگاریا لە بەغدا تیشک دەخاتەسەر گرنگیی ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەڤانی لە عێراق، هاوکات ستایشی رۆڵ و کاریگەریی رووداوی کرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
نیکۆلا دراغانون، باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق بەبۆنەی 12ـەمین ساڵیادی پەخشی رووداودا رایگەیاند: "ئاسانکاری بۆ کاری رۆژنامەڤانی و پاڵپشتیکردنی ئازادی رادەربڕین پایەی سەرەکیی دیموکراسی و فرەیی سیاسین." ئاماژەی بەوەشکرد، ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە ساڵانی رابردوودا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئازادی کاری رۆژنامەڤانی لە عێراق هەبووە.
باڵیۆزە بولگارییەکە گوتی: "رۆژنامەڤانان رووبەڕووی ئاستەنگ لە بەرگریکردن لە مافەکانیان دەبنەوە و بەشێکیشیان هەڕەشەیان لێکراوە. پێمانوایە دەتواندرێت کاری زیاتر لەبارەی ئازادی راگەیاندن بکرێت."
دراغانون جەختی لەسەر رۆڵی مێژوویی رۆژنامەڤانان لە عێراق کردەوە، بەتایبەت "لە بوارەکانی بەرگریکردن لە عێراقی نوێ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا." هیوای خواست رۆژنامەڤانان "بە پڕۆفیشناڵانە و بێلایەنانە بەردەوام بن بۆ دڵنیاییدان لەوەی رووماڵەکانیان رەنگدانەوەی ئازارەکانی خەڵک و هیوا رەواکانیان بێت" و بتوانن کارەکانیان "بەبێ ترس" ئەنجام بدەن.
باڵیۆزی بولگاریا کە پێشتر وەزیری راگەیاندن بووە لە وڵاتەکەی، گوتی: "بە ئەزموونی خۆم دەزانم کە کاری رۆژنامەڤانی چەندە پڕئاڵنگاری و داخوازییە. دەمەوێت پێزانینی خۆم بۆ قوربانیدان و هەستکردن بە لێپرسراوییەتی ئەو رۆژنامەڤانە عێراقیانە بگەیێنم کە بەرگرییان لە ئازادی راگەیاندن کردووە."
سەبارەت بە تۆڕی میدیایی رووداو و کارەکانی، باڵیۆزی بولگاریا گوتی: "دەمەوێت تیشک بخەمە سەر پێشکەوتنی کارەکانی رووداو و کاریگەرییەکەی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە نەک تەنیا بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ساڵی 2023، رووداو بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی لە بولگاریا کرد."
نیکۆلا دراغانون لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو وتی: "باوەڕم وایە رووداو داهاتوویەکی پڕشنگداری لە پێشە. هیوادارم بەردەوامبن لە کارکردن بە شێوازێکی پرۆفیشناڵانە، دەنگێکبن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی جیاواز، دڵنیاییبدەن لەوەی کە خەڵک زانیاری باشتریان پێدەگات. هیوای باشترین بۆ هەموو تیمەکەتان دەخوازم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ