رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستپێکی هاویندا کێشەی کەمیی ئاوی خاوێن لە بەشێکی ناوچەکان سەرهەڵدەدات. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە کەمیی ئاودا چەمچەماڵ خراپترین دۆخی هەیە و هەڵەبجە باشترین.
بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، لە 24 کاژێرێدا هەر تاکێک پێویستیی بە 200 بۆ 250 لیتر ئاوی خاوێنە، بەرپرسانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، لە بەشێکی ناوچەکان زیاتر لە 300 لیتر ئاوی خاوێن بۆ تاک دابین دەکرێت و بەشی زۆری بە فیڕۆ دەدرێت.
دۆخی ئاو لە هەولێر
پایتەختی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بەهۆی کەم ئاوییەوە لە وەرزی هاویندا کێشەی بۆ دروست دەبێت. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، 08-09-2024، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانمان بە خێرایی بەڕێوەدەچن و ئێستا سەرقاڵی بەستنی مزەخەکانین، بۆ ئەوەی بەگوێرەی بەرنامەی دانراو لەکاتی خۆیدا ئاو بگەیێنینە خەڵک".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
ئەمڕۆ بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئیفرازەکانن دوو رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت، ئەوانەشی لەسەر بیرەکانن رۆژانە یان دوو رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت، مەگەر هەندێک گەڕەک کێشەیان هەبێ".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئاو، "هەندێک گەڕەک جێگەکەیان بەرزە، یان کێشەی تۆڕی ئاویان هەیە چەند رۆژ جارێک ئاویان پێدەگات و بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر کێشەیان نامێنێت".
لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، هێمن نەزیف گوتی: "کۆتایی مانگی شەش یان سەرەتای مانگی حەوت، ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە بە تەواوبوونی کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت. هێمن نەزیف گوتی: "هێڵی یەکەم لە شەقامی 150 مەتری لە نزیک گەزنەوە دەستپێدەکات تاوەکو رێگەی کەسنەزان. هێڵەکانی دوو، سێ و چوار بۆ نێو شارە، نێو شەقامی 120 مەتری و دەرەوەی شەقامەکەش".
دۆخی ئاو لە سلێمانی
جگە لە بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی، بەشێکی سەرەکیی شاری سلێمانی و دەوروبەری پشت بە ئاوی هەردوو پڕۆژەی یەک و دووی ئاوی دووکان – سلێمانی دەبەستن.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شارەکە لە 24 کاژێردا پێویستی بە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنە، بەڵام لەم وەرزەدا 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ دانیشتووانی شارەکە دابین دەکرێت".
دۆخی ئاو لە سلێمانی بەراورد بە بەشێکی شارەکانی دیکە باشترە، دوو رۆژ جارێک ئاوی خاوێن دەدرێتە هاونیشتمانییان، ئەوە جگە لەو هاونیشتمانییانەی پشت بە بیر و سەرچاوەی ئاوی خۆیان دەبەستن.
جێگری پارێزگاری دهۆک: کێشەی کەمیی ئاومان نییە
ئەمڕۆ، ماجید سەیدساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی لە دهۆک کێشەی کەمیی ئاو نییە و گلەیی هیچ کەسێکمان بەهۆی نەبوون، یان کەمیی ئاو پێنەگەیشتووە".
لە بەشێکی گەڕەکەکانی دهۆک دوو رۆژ جارێک و بەشێکی گەڕەکەکانیش رۆژانە ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.
ماجید سەیدساڵح گوتی: "پڕۆژەی ستراتیژیی و باشمان هەیە بۆ دابینکردنی ئاو بۆیە کێشەی جیدی لەنێو دهۆکدا نییە. مەگەر کێشەی کاتیی و لەکاتی چاکسازیی یان شکانی بۆرییەکدا رووبدات".
قایمقامی هەڵەبجە: رۆژانە ئاو دەدەینە گەڕەکەکان
لەبارەی دۆخی ئاوی خاوێن لە هەڵەبجە، سمکۆ سابیر، قایمقامی شارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووی ئاوەوە زۆر زۆر باشین و هەموو رۆژێک ئاو دەدرێتە گەڕەکە جیاکانی شارەکەمان".
قایمقامی هەڵەبجە گوتی، سەرچاوەی ئاو و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو لە هەڵەبجە لە ئاستێکی باشدان بۆیە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی نەبوونەتەوە.
ئاوی راپەڕین: سەرچاوەی ئاوەکەمان لە وشکبووندایە
ئیدارەی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەتایبەت سنووری قەڵادزێ لە ئیدارەکە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان زێی بچووکە، کە زیاتر لە 100 هەزار کەس رۆژانە دوای پاڵاوتنی، لە ئاوی ئەو زێیە سوودمەند دەبن.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ بێ ئاو نەبووین و رۆژانە ئاو دەدەینە خەڵک، بەڵام ئاوی زێی بچووک نزیکە لە وشكبوون".
بە گوتەی سەلام عومەر، لەگەڵ هاتنی هاویندا کێشەی کەم ئاویی روویان تێدەکات. گوتیشی: "ئێستا لە بەهارداین سەرچاوەی ئاوەکەمان دەڵێی لە مانگی هەشتی هاویندایە، بۆیە تاوەکو بەرەو گەرما بچین دۆخمان بەرەو خراپی دەچێت".
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ستانداردی جیهانی و رۆژانە 300 بۆ 350 لیتر ئاوی خاوێن بۆ تاکێک لە سنوورەکەیان دابیندەکەن، بەڵام بەشێکی لەلایەن خەڵکەوە بەفیڕۆ دەدرێت.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بڕیاربوو بەنداوی دەڵگە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە تێچووی 600 ملیۆن دۆلار دروستبکرێت، بەڵام هەنگاوی کرداریی بۆ نەنراوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی جیا سەردانی شوێنی بەنداوەکەی کردووە. هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی عێراق لەسەر هێڵ بوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ جێبەجێکردنی بەنداوەکە تەرخان نەکردووە.
چەمچەماڵ بێ ئاوترین قەزای هەرێمی کوردستان
بڕیاربوو بە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ- گۆپتەپە کە 30ـی حوزەیرانی پار دەستکرا بە جێبەجێکردنی، کێشەی چەندین ساڵەی کەمئاویی لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی خەرجنکردنی بودجەوە، کارکردن لە پڕۆژەکە نێوەڕاستی ئەم مانگە راگیرا.
لەبارەی دۆخی ئێستای ئاوی ئەو قەزایە، شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئێستا هەشت بۆ نۆ رۆژ جارێك ئاو دەدرێتە ماڵان لە چەمچەماڵ".
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کرا و لە 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بڕیاربوو 26-06-2026 تەواو ببێت.
بەگوتەی شیروان جەمال، پڕۆژەکە تاوەکو راگرتنی، تەنیا 6%ـی کارەکانی تەواو کراوە.
ساڵی رابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی کەمی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو، 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ