بەرپرسێکی یەکگرتوو: دۆخی خراپی کەرکووک بەهۆی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتییە

29-06-2023
پەیمان محەممەد
ئیبراهیم خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو لە کەرکووک
ئیبراهیم خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو لە کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی لە کەرکووک دەڵیت، دەبێ کورد بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات؛ دەشڵێت، "دۆخی خراپی کەرکووک بەهۆی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتییە."
 
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 ئیبراهیم خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو لە کەرکووک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک، لەگەڵ هاوپەیمانێتی و یەک لیستیی هەموو لایەنە کوردستانییەکانین."
 
سێشەممەی رابردوو، مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان لەگەڵ 10 لایەنی کوردستانی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک بکەین، جگە لە خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر."
 
ئیبراهیم خەلیل پێیوایە بڕیاری هەڵاواردنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن پارتیییەوە، بە سوودی کەرکووک نییە و "باشتر وایە پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەدا بکرێت، چونکە یەک لیستی باشترین چارەسەرە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بۆئەوەی لیستێکی سەربەخۆی خۆمان هەبێت و جارێکی دیکە هیوا بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە."
 
مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان جگە لە یەکێتی، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کردبوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
 
بە گوتەی ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی، لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەکە رۆژێک بەر لە جەژن بوو، بەشداریان نەکردووە، دەشڵێت، "بەڕۆژوو بووین، ئەگەرنا هیچ هۆکارێکی سیاسی لەپشت ئامادەنەبوونماندا نییە."
 
وەکو ئیبراهیم خەلیل ئاماژەیدا، کورد لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، بە دوو لیستی و سێ لیستی لە کەرکووک زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بەو شێوەیە دەنگی کورد زۆر لەدەستچووە، بۆیە وەکو یەکگرتوو لەگەڵ یەک لیستیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانن.
 
بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دۆخی کوردی لە کەرکووک تێکداوە. نابێ کەرکووک بکرێتە قوربانیی گرێی کەسی و حیزبی؛ لە رابردوودا پارتی و یەکێتی هەڵەی زۆریان کردووە و دەکرێت قەرەبووی هەڵەکانی خۆیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بین."
 
ئیبراهیم خەلیل گوتیشی، "کەرکووک قوربانیی دەستی ململانێی سیاسیی یەکێتی و پارتییە و پێوستە سینگیان فراوانتر بکەن. ئەگەر بەو هەڵانەی کە خۆیان لەگەڵ یەکدی دەیکەن مامەڵە لەگەڵ کەرکووکدا بکرێت، لەوانەیە زۆربەی خەڵک نەیەنە سەر سندووقی دەنگدان."
 
بڕیارە 6ى تشرینى دووەمى 2023ى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بەتایبەتی کەرکووک، بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس بەیاتی،  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق

عەباس بەیاتی: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوە دەڵێت، سەردانەکەیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختکردنەوە بووە لەسەر مێژوویەکی هاوبەشی خەبات و بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای هاوبەشی. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دەستوور ببێتە بنەمای یەکلاییکردنەوەی تەواوی کێشەکان.