هەولێر دیجیتاڵ
پاسەکانى هێڵی نێوخۆىی کەرکووک کۆن بوون؛ سەندیکای شۆفێرانی کەرکووکیش دەڵێت، "شۆفێران ناتوانن پاسی نوێ بە نزیکەی 30 هەزار دۆلار بکڕن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-06-2025، محەممەد ئیبراهیم، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی کەرکووک بە رووداوی گوت: "چوار ساڵ لەمەوبەر شۆفێری پاسەکانی هێڵی نێوخۆی کەرکووک چوونە بەردەم پارێزگای کەرکووک و خۆپێشاندانیان کرد. بەڵێنیان پێدرا چارەیەک بۆ کۆنیی پاسەکان بدۆزنەوە."
لە ساڵی 2014ەوە باس لە گۆڕینی پاسە کۆنەکانی کەرکووک دەکرێت، بڕیار بوو پاسی مۆدێل نوێ بە قیست بدرێتە شۆفێران؛ بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی کەرکووک، زۆربەی شۆفێرانی هێڵی نێوخۆی کەرکووک توانای داراییان هێندە نییە، تاوەکو بتوانن پاسێک بە نزیکەی 30 هەزار دۆلار بکڕن؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستە حکومەت یارمەتییان بدات.
هەوراز قادر، دانیشتووی نێو شاری کەرکووک بە رووداوی گوت: "پاسەکان زۆر ماندوون؛ هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە؛ هاوکات تایبەتمەندیی فێنککەرەوە و گەرمکەرەوەیان تێدا نییە؛ بۆیە ناچارین لەبەر گەرما بە تاکسی هاتووچۆ بکەین."
لەبارەی پێدانی هێڵی نێوخۆ بە شۆفێرانی نوێ لە کەرکووک، محەممەد ئیبراهیم دەڵێت، تۆمارکردنی هێڵی نێوخۆ ئاسانە و رسوماتێکی رەمزی وەردەگیرێت؛ بەڵام دوو بەربەست هەن، یەکیان بێکاری و ئەوەی دیکەیان شۆفێرانی دیکە قبووڵ ناکەن هێڵی نوێ تۆمار بکرێت؛ بۆیە تائێستا راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ