کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: تەلەفۆنەکەی نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی نیشانەی قووڵیی پەیوەندیی هەردوولا بوو

29-06-2025
سینا سۆما
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی گشتیی ئێران
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی گشتیی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی ئێران رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی، نیشانەی قووڵیی پەیوەندیی هەردوولا بوو. ئەو دەنگۆیانەیشی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن، لەدوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە ئێران، لەو وڵاتە دەستگیر دەکرێت. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، کاردانەوەکان و هەڵویستی وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر جەنگەکە، کاریگەریی جەنگەکە لەسەر پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
 
محەممەد مەحموودیان لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "هەموو جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە ئێمە گەلێکی ستەملێکراو بووین و هیچ کات دەستپێشخەر نەبووین بۆ هێرشکردن. ئەوەی ئێمە کردمان، تەنیا بەرگرییەک بوو لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆمان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەمان."
 
مەحموودیان گوتی، "رژێمی زایۆنی چاوەڕێی ئەوە بوو کە خەڵکی ئێران لە دژی حکومەت راپەڕن، بەڵام ئەم شتە هەرگیز رووی نەدا. سەڕەرای ئەو کێشانەی کە هەن، خەڵک و جەماوەر لە پشت حکومەت، سەربازان، سوپا و سوپای پاسداران وەستانەوە. ئەو بەرگرییە بەهێزەی خەڵکی ئێران و حکومەتی ئێران بووە هۆکاری ئەوە کە دوژمن پاشەکشە بکات و واز (لە هێرشەکانی) بهێنێت."
 
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، لە دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە ئێران، ئێران دەستگیری دەکات. جەختی کردەوە، کە ئەم جۆرە دەنگۆیانە پیلانگیری ئیسرائیلن بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان هەردوولایەن.
 
لەوبارەوە محەممەد مەحموودیان گوتی: "ئێستا پرۆپاگەندەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەگەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە ئێران، ئێران دەستگیری دەکات، لە کاتێکدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە. هەروەک لە چاوپێکەوتنی میدیایی چەند رۆژ پێش ئێستادا گوتم، لە گەرمەی جەنگدا سنوورەکانی ئێران کراوە بوون و ئاڵۆگوڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەردەوام بوو."
 
گوتیشی: "رژێمی زایۆنی بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک هەموو رێیەک دەگرێتەبەر. ئێستا کە دەبینێت خەڵکی ئێران بەرگری دەکات، پرۆپاگەندەی وا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەچنەوە ئێران. بەڵام ئاگای لەوە نییە کە پەیوەندییەکانمان زۆر بەهێزن؛ پەیوەندییە کولتووری، مەعنەوی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر بەهێزترن لەوەی کە پرۆپاگەندەی لەم شێوەیە کاریگەرییان لەسەر هەبێت."
 
جەختیشی لەوە کردەوە: "پەیوندیی مێژوویی نێوانمان کە لە مێژووەوە هەڵدەقووڵێت، ئەم دەنگۆ لەرزۆکانەی رژێمی زایۆنی کاریگەرییان لەسەر نابێت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا شەڕەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند: "هیچ شەڕێک پێشبینی ناکرێت و هیوادارین مەترسیی شەڕ بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە تەشەنە نەکات. هیوادارین پیلانگێرییەکانی رژێمی زایۆنی لە دژی ئێران و عێراق و گەلانی ناوچەکە بۆ خۆی بگەڕێتەوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتیش هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، محەممەد مەحموودیان دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە وڵاتانی موسڵمانی دراوسێ هەڵوێستیان باش بوو. عەرەبستان (سعودیە)، عێراق، کۆمکاری عەرەب و یەکێتیی وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستی باشیان پێشاندا. بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و لەوانەش بەڕیز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و یەکێتیی نیشتیمانی و حیزبەکانی دیکەش هەڵوێستی باشیان هەبوو. پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوە هەبووە و ئەمەش نیشاندەری قووڵایی پەیوەندیی نێوان هەردوولایە."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی هەروەها گوتی: "هیوادارین هەموو وڵاتان و گەلان بزانن کە دووژمنی سەرەکییان رژێمی زایۆنییە و پێویستە هێرشەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی سەرکۆنە بکرێن."
 
لەبارەی ئەو درۆنانەش کە لە ماوەی جەنگەکەدا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کەوتبوونە خوارەوە، بەرپرسە ئێرانییەکە دەڵێت، "درۆنەکان ئێرانی نەبوون، بەڵام بێگۆمان ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک خراپەکاری دەکات. ئیسرائیل رێز لە هیچ سنوورێک ناگرێت و رەچاوی هیچ یاسایەک ناکات، چونکە پشتی بە زۆرداری جیهانی، ئەمریکا بەستووە."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی هەروەها رەتیکردەوە کە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەری خراپی کردبێتە سەر پەیوەندی ئابووری و ئاڵۆگوڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و گوتی: "سوپاس بۆ خوا کە کاریگەری نەبووە. لە ماوەی جەنگدا چاودێری هەموو سنوورەکانم دەکرد، هەر هەموویان کراوە بوون. ئاڵۆگوڕی بازرگانی تێیاندا دەکرا و کاڵای ئێرانی لە بازارەکانی هەرێم هەبوون."
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئایا ئێران چۆن دەتوانێت هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام، محەممەد مەحموودیان رایگەیاند: "من لە هەواڵەکانەوە گوێبیستی بووم و هەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستە پێکەوە دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئێرانیش هەمیشە پشتگیری لە گفتوگۆ دەکات و گفتوگۆ بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە. بەهیوای ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە شاری سلێمانی جەخت لە بەردەوامیی پشتگیری ئێران بۆ فەلەستین کردەوە و رایگەیاند، "شانازییە بۆ ئێران کە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەکات. سەرۆکوەزیرانی رژێمی زایۆنی راگەیاندووە، هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران، پشتگیری و داکۆکیکردنی ئەو وڵاتە بووە لە غەززە. شانازییە بۆ ئێمە کە بەرگری لە هەموو خەڵکێکی ستەملێکراو بکەین."
 
بە گوتەی محەممەد مەحموودیان، "پیلانگێرییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی تەواو نابن و هەر رۆژ لە دژی گەلێک پیلانگیری دەکەن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.