رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، 16 کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری گزی دەستگیرکراون، کە بانگەشەیان بۆ وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، "دوای بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە لەسەر ئەو هەژمارانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و فرۆشتنی ئامێری تایبەت بە (غەش)یان دەکرد، ناسنامەی 16 تۆمەتبارمان ئاشکرا کرد".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، سەرجەم تۆمەتباران لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا دەستگیر کراون."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ناوی تۆمەتبارانی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن: "(م.ک.خ)، (ر.ب.ک)، (ش.س.ع)، (هه.م.ک)، (ن.غ.ح)، (ع.ع.ع)، (م.غ.ق)، (م.د.ئ)، (س.ع.ع)، (ب.ب.ب)، (س.ع.س)، (م.خ.ع)، (هـ.ئ.ن)، (م.ع.م)، (م.د.ح)، (ئ.ع.ص) ".
ئاسایشی هەولێر باسی لەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و دواتر دۆسیەکانیان رەوانەی پۆلیسی هەولێر کراوە، دەست گیراوە بەسەر 37 ئامێری غەشکردندا.
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی زانستی و وێژەیی لە 22ـی حوزەیران دەستپێدەکەنەوە و تاوەکو 6ـی تەممووز بەردەوام دەبن.
هەروەها تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی (خولی دووەم) لە 21ـی حوزەیران دەستپێدەکات و 3ـی تەممووز تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ