هەولێر دیجیتاڵ
قایمقامی مەخموور رایگەیاند، لە سنووری ناحیەکانی قەراج، دیبەگە، مەلاقەرە و گوێڕی سەر بە قەزاکەیان، ئەو هاووڵاتییانەی پێشتر مامەڵەی مادەی 140یان کردووە و قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە، لە بەیانییەوە مامەڵە پێشکێش بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی 6ی 2025، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی لە سەرژمێریی ساڵی 1957 سنووری مەخموور و ناحیەکانی قەراج، دیبەگە، مەلاقەرە و گوێڕن، مامەڵەی قەرەبووی 140یان لە ساڵانی 2007 و 2008دا کردووە و قەرەبوو نەکراونەتەوە، لە بەیانییەوە سەردانمان بکەن."
بە گوتەی قایمقامی مەخموور، هاووڵاتییانی ئەو سنوورە پێویستە دووبارە مامەڵەکانیان دەستپێبکەنەوە و پێداویستیی وەک (کارتی نیشتمانیی هەموو خێزان و دوو کۆپی سەرۆک خێزان، لەگەڵ پسوولەی خۆراک، کارتی نیشتەجێبوون و کارتی دەنگدان) لەگەڵ خۆیان بهێنن.
رزگار محەممەد گوتی: "پێشکێشکردنی مامەڵەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە پێشووتر مامەڵەیان پێشکێش کردووە. هاوکات هەر هاووڵاتییەک لەدایکبووی لە 1975 بەرەو سەر بێت، دەبێت وێنەیەک لە گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆی بهێنێت"
هەر ئەمڕۆ قایمقامیەتی قەزای مەخموور رایگەیاند، خاوەن مامەڵە دەبێت خۆی ئامادە دەبێت؛ "هەر هاووڵاتییەک لە ژیاندا نەماوە، پێویستە قەسام شەرعی و کارتی نیشتمانیی هەموو وارسەکان ئامادە بن."
رزگار محەممەد گوتی: "ئەم مامەڵەیە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە پێش 8ی 4ی 2003 ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە."
لەبارەی کاتی پێشکێشکردنەکەیشەوە، قایمقامی مەخموور دەڵێت، نووسینگەی مادەی 140 لە نەینەوا کراوەتەوە و کاتەکە بە گوێرەی پێشکێشکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانە؛ دیارینەکراوە کەی کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ