رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو دەڵێت، پێویستە بەر لە کۆتایی مانگی حەوت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاری بکات؛ گوتیشی، ئەگەر کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بە چەند لیستێک بەشدار بێت، کورسیی پێویست بەدەست ناهێنێت.
رۆژی شەممە 29-07-2023، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن و رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشیان کرد، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، ''ئێمەش داوای ئەوەمان کردووە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بن بۆ ئەوەی، بەتایبەتی لە کەرکووک، کورد لانیکەم نیوەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت.''
بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک جارێکی دیکە بکەوێتەوە دەست کورد، دەبێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت. هێمن ئەسکەندەر پێیوایە، پێشتر دروستکردنی هاوپەیمانیی کوردستانی ئاسانتر بوو و متمانەی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسییەکان زیاتر بوو و دەشڵێت، ''ئێستا بەدەستهێنانی نیوەی زیاتری کورسییەکان ئاسان نییە، چونکە ئەگەر کورد بە فرە لیستی بەشداری هەڵبژاردن بکات، لە سەرجەم لیستەکاندا هەندێک دەنگ بە فیڕۆ دەچن کە نابن بە کورسی.''
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت. تەنیا دوو رۆژ لە بەردەم پارتە سیاسییە کوردستانییەکان ماوە بتوانن هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکبهێنن. هێمن ئەسکەندەر هۆکاری دروستنەبوونی هاوپەیمانیی کوردستانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە متمانەی سیاسی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان بەگشتی لاوازە و لە قۆناخی یەکەمدا یەکێتی و پارتی بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت، ''ئەگەر ئەوان بتوانن لە یەکدی نزیک ببنەوە، هێزەکانی دیکە ئاسانتر دەتوانن یەکڕیز بن و هاوپەیمانییەک پێکبهێنن.''
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو هەروەها گوتی، ''هاوپەیمانیی کوردستانی بەوە دروست نابێت کە پارتی بە جیا و یەکێتیش بە جیا هەوڵی بۆ بدات؛ کاتێک هاوپەیمانییەک هێزی هەیە کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێکەوە لە یەک لیستدا بەشدار بن.''
وەک هێمن ئەسکەندەر ئاماژەیدا، پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک باشتر لە جاران خۆی رێکخستووەتەوە و تاوەکو ئێستا لیستێکی بەهێزیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە و ئەوەش بە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر لایەنە کوردستانییەکان دەزانێت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڕیاری ''نادەستووریبوون''ـی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی دا؛ بەپێی ئەو بڕیارە، کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانیش بە ''نایاسایی'' ناسێنرا.
ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ ئەوەی زوو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێت.
رۆژی 26-07-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشانداوە.
دواتر هاژە شێخ سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانیان کردووین و رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024یان پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی تێدا بکرێت و ئەو پێشنیازەش دەدەنە سەرجەم لایەنەکانی دیکە و دواتر رادەگەیێندرێت."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووش گوتی، ''کات کەم ماوە و ئەمڕۆ یان بەیانی دەبێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومی هەڵبژاردن دەربکات؛ بۆیە ئێمەش 25ـی مانگی شوباتمان پێ گونجاوە، واتا ئەگەر درەنگ نەبێت، زوو نییە.''
هێمن ئەسکەندەر رایگەیاند، ''پیویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان بە زووترین کات بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و کوردستان بەگشتی لە هاوکێشەی عێراقییدا لە لاوازیدایە و دەبێ ئێمە رەوایی بۆ دامودەزگاکانی خۆمان بگێڕینەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ