کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دەستوور و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان تاوتوێ دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 29-07-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی "چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە."
بەگوێرەی نووسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی "پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە زیانی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێم کرد و جەختیکردەوە کە "بەردەوامبوونیان سەقامگیری عێراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت."
قوباد تاڵەبانی هیواشی خواست حکومەتی فیدراڵ "لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ