سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی: داهاتی نانەوتی ئامادەیە و چاوەڕێی فەرمانین بۆ رادەستکردنی

29-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێت، داهاتی نانەوتی ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ فەرمانێکیان بۆ ئامادەکاری و ناردنی بۆ بەغدا پێنەگەیشتووە.
 
رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، هەفتەی رابردوو بۆ مووچەی مانگی ئایار 120 ملیار دینار بۆ بەغدا نێردرا."
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، پارەی داهاتی نانەوتی مانگی حوزیران لە بانکەکان هەیە و چاوەڕێی فەرمانن بۆ رادەستکردنی، بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان پێنەگەیشتووە.
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "دوای ئەوەی فەرمانمان پێگەیشت، چەند رێکارێک هەیە دەیکەین و پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق."
 
زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە. ئەو بەرپرسە دەڵێت، "لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران تەواو بووە، تاوەکو ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە پێ نەگوتووین."
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و سێ پرس تاوتوێ بکات، کە بریتین لە بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووز، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پێشنیازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
 
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2025 دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هاوبەشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەریکردوون. هەر لەو بڕگەیەدا، بەدواداچوون بۆ کارەکانی لیژنە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا دەکرێت.
 
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبەر رۆشنایی ئەو دوو بڕیارە هاوبەشەی کە پێشتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا دەرکراون.
 
وەزارەتی دارایی عێراق 24ـی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نارد، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیار نییە، لەکاتێکدا بەرەو کۆتایی مانگی تەممووز دەچین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."